كاروان قادر كابان: شێوەی ئەندازەیی لە كارەكان بەكار دێنم

:: PM:03:12:19/09/2021 ‌
كاروان قادر كابان یەكێكە لە هونەرمەندە دەستڕەنگینەكانی كوردستان لە بواری شێوەكاری، تا ئێستە چەندان تابلۆی سەرنجڕاكێشی دروست كردووە و بەشداریی زیاتر 170 پێشانگەی هاوبەش كردووە. لە دیمانەیەكی بۆ "وشە" دەڵێ، بەپێی ئەزموونی خۆم، شێوەی ئەندازیاری لە ستایلی كاركردنم بەدی دەكرێت.


سەرەتای كاركردنت چۆن دەست پێ كرد؟

سەرەتای كاركردنم لە بواری شێوەكاریدا لە قۆناغی منداڵی دەست پێ كرد، بەڵام لە قۆناغی ناوەندییەوە زیاتر دەستم داوەتە‌ كارەكەم، پەرەی زیاترم بەخۆم دا تا گەیشتمە ئەم قۆناغەی ئێستە. هەروەها لەسەر توانای خۆم خۆمم پێ گەیاند، لەبەرئەوەی دەرچووی هیچ پەیمانگە و ئەكادیمیایەكی هونەری نیم.

تا ئێستە بەشداریت لە چەند پێشانگە كردووە؟

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و دەرەوە، بەشداری زیاتر لە 170 پێشانگەی هاوبەشم كردووە، هەروەها‌ 10 پێشانگەی تایبەت بەخۆمم كردووەتەوە. تابلۆكانیش گەلێك زۆرن، بەڵام نازانم ژمارەیان چەندە.

زیاتر لەسەر مێژوو كار دەكەم

هۆكار چییە زۆربەی تابلۆكانت باس لە جەنگ و توندوتیژی دەكەن؟

ڕاستە زۆربەی تابلۆكانم باسی جەنگ دەكەن، هۆكارەكەشی ئەوەیە زیاتر لەسەر مێژوو كار دەكەم، لەبەرئەوەی مێژوو ڕابردوویەكە پێویستە ئەمڕۆ پەندی لێ وەربگرین. هەروەها تابلۆكانم بەتەنیا باس لە مێژووی جەنگ و توندوتیژی ناكەن، بەڵكو زۆر لە تابلۆكانم باس لە مێژووی بەرگریی دەكەن، لەبەرئەوەی كورد بە درێژایی مێژوو لە بەرگریدا بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی تابلۆكانم باس لە خۆشەویستی و جوانی دەكەن، لە هەمان كاتدا زۆر بە وردی كارم لەسەر سروشت كردووە، چونكە حەزێكی زۆرم هەیە بۆ جوانی سروشت كە بەشێكی زۆر گرنگە لە هونەری شێوەكاریدا، چونكە ئەو وردەكاری و هەموو ڕەنگانەی بەشدار دەبن لە تابلۆیەكی سروشتدا، لە تابلۆكانی تردا نین، جا هەر كەسێك لە زەینی خۆیەوە پێناسە بۆ سروشت دەكات.

وەك دەبینین تابلۆكانت زۆر سەرنجڕاكێشن، ئەو مادانەی لە دروستكردنیان بەكار دەهێنی چین؟

ئەو مادانەی لە دروستكردنی تابلۆكان بەكاریان دەهێنم، زیاتر بۆیەی رۆنی و ئەكریلیكن، چونكە ئەو دوو بۆیەیە زۆر گونجاون لەگەڵ ئەو ستایلەی من ئیشی لەسەر دەكەم، زۆرینەی هونەرمەندانیش بەو دوو بۆیەیە ئیش دەكەن.

بە چ هونەرمەندێكی شێوەكار سەرسامیت؟

سەرسام بووم بە زۆر لە هونەرمەندانی ڕابردوو، وەك خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلی لەتیف كە لە قۆناغی سەرەتاییدا مامۆستاشم بووە، ئەوكاتەی لە ‌پۆلەوە كاری دەكرد، زۆر كاری لێ دەكردم. تا كۆتاكانی تەمەنیشی پێوەندیمان لەگەڵ یەك هەبوو، یەكێكیش بوو لە هونەرمەندە زۆر باشەكان كە جێپەنجەی زۆر دیاری هەبوو لە هونەری شێوەكاریدا، بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆش لە هیچ گەلەرییەكدا دوو لە تابلۆكانی نابینرێت، بۆ ئەوەی شانازی پێ بكەین و بڵێین ئەم تابلۆیانە هی 40 تا 50 ساڵی ڕابردووی ئێمەیه.

كاریگەر نیم بە هیچ كەسێكەوە

ستایلێكی تایبەت بەخۆت هەیە لە كاری شێوەكاریدا؟‌

بەپێی ئەزموونی كاركردنی خۆم گەیشتوومەتە ئەو شێوە ستایلەی ئیستە كاری لەسەر دەكەم، ئەو شێوە ئەندازەییە‌‌ لە كارەكانی خۆم بەكاری دێنم، بەڵام كاریگەر نیم بە هیچ كەسێكەوە بۆ ئەوەی‌ لاسایی بكەمەوە.

خەون و ئامانجت بۆ داهاتوو چییە؟

چەند بیرۆكەیەكی كاری هونەریم هەیە بۆ داهاتوو، چەند جارێكیش پێشنیارم كردووە، ئەویش دیواربەندییە و دەمەوێ لە هەندیك شوێن بیكەم، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێكی وام وەرنەگرتووە كە پشتگیرییەكی باشم بكرێت. جگە لەوەش حەزی ترم بۆ دواڕۆژ هەیە و زۆرمان وەك شێوەكاران هاوار دەكەین با گەلەرییەك یان شوێنێكی تایبەت بە هونەری شێوەكاران هەبێ، بۆ ئەوەی كاتێك بێگانەیەك ڕوو دەكاتە وڵاتەكەمان و داوای كارە هونەرییەكانمان دەكات، با شوێنێكمان هەبێ و‌ پێشانی بدەین، هیوادارم گەلەرییەكی نیشتمانی بكرێتەوە كە كاری زۆربەی هونەرمەندانی تێدا كۆ ببێتەوە، لەم ساتەوە بۆ داهاتوو ببێتە بەردی بناغەی هونەری شێوەكاری و بینینی كاری هونەرمەندانی شێوەكاری.

وشە / محەمەد جەمال

















وشە - سلێمان تاشان