نهێنیی بیری زیندانی جن و قۆڵتی جەهەنەم ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:52:19/09/2021 ‌

لە بیابانی رۆژهەڵاتی یەمەن بیرێك هەیە كە لە ماوەی رابردوودا چەندان چیڕۆكی ئەفسانەیی لەبارەوە گوتراوە، بە بیری قوڵتی جەهەنەم یان زیندانی جن ناسراوە، ساڵانێكە وەك تەلیسمێكی ترسناك مابووەوە و خەڵك لێ نزیك نەدەبووەوە، تیمێكی زانستیی عومانی توانی بچێتە ناو بیرەكە و نهێنییەكانی ئاشكرا بكات.
ئەوەی بچێتە ناوییەوە دیار نامێنێت و دەنگی جیاواز و بۆنی ناخۆشی لێ دێت
تیمەكە كە تایبەتە بە چوونە ناو ئەشكەوتەكان، لەسەر حیسابی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردەوە كە ئەشكەوتی فۆجیت یان بیری بەرهووت، هیچ جۆرە نووسراوێكی تیادا نییە، وەك ئاماژە بۆ ئەوەی هیچ تەلیسمێكی ترسناكی تیادا نییە وەك باس كراوە، ئەوەیشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، كە نووسراوی سەر دیواری ئەشكەوتە بێت، هی ئەشكەوتێكی ترە لە رۆژهەڵاتی یەمەن و نووسراوی زۆر كۆنی عەرەبین.

چەندان چیڕۆكی ئەفسانەیی لە یەمەن لەبارەی ئەو بیرەوە دروست كراوە، كە قووڵییەكەی 112 مەتر و بەرینی لە سەرەكەی 30 مەترە و لە قووڵاییەكەیشی دەبێتە 116 مەتر، لەو چیڕۆكانە ئەو بیرە زیندانی جنەكانە و ئەشكەوتی ئەوانە یان قۆڵتی جەهەنەم، چیڕۆكەكان دەڵێن ئەوەی بچێتە ناوییەوە دیار نامێنێت و دەنگی جیاواز و بۆنی ناخۆشی لێ دێت.

لە قووڵایی 65 مەتر لە بیرەكە ئاو لە لێواری دەڕژێت و چەند تاڤگەیەكی جوانی دروست كردووە، جۆری جیاوای بوونەوەری تیادا دەژیت، وەك مار و بۆق و قالۆنچە، بەڵام تیمەكە تا ئێستە زانیاری و وردەكاری تەواویان باس نەكردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل