عێراق بەشداری لە 76مین خولی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

:: PM:09:36:19/09/2021 ‌

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتووەتە نیویۆرك لە ئەمەریكا بۆ ئامادەبوونی لە كارەكانی 76مین خولی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە نیویۆرك بۆ ئامادەبوون لە كارەكانی 76مین خولی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و گوتەی عێراق لەو خولە پێشكەیش بكات.
نوێنەرایەتی عێراق لە ژمارەیەك كۆبوونەوە دەكا و چاوی بە بەرپرسی وڵاتان دەكەوێت
زیاتر گوتی، وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی عێراق لە ژمارەیەك كۆبوونەوە دەكات، كە لە پەراوێزی كۆبوونەوەكان دێتە سازكردن، ئاماژەی كرد كە پێشبینی دەكرێت حوسێن چاوی بە ژمارەیەك لە هاوتاكانی و بەرپرسانی وڵاتانی تری بەشدار لە كارەكانی ئەو خولە بكەوێت و باسی پێوەندی دووقۆڵی و چۆنیەتی بەهێزكردنیان بكات، جیا لە هاندانیان بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق و بەشداریكردنیان لە هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی شارە وێرانبووەكان.  

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونی كردەوە، مەبەست لەو دیدارانەی وەزیری دەرەوە دووپاتكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق و رۆڵی كارای لە بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و دروستكردنی هاوبەشی كارای ئابوورییە، ئەوەیش لە چوارچێوەی ئامادەسازییەكانی حكوومەتی عێراق لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەم بێتە سازكردن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل