ڕۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ئاشكرای كرد، كه به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن تا دوو لیوای پێشمه‌رگه و سوپا به هاوبه‌شی له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بڵاوه‌یان پێ بكرێ و جێگیر بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كی پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه كۆتایی پێ بهێنن، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی تیرۆریستان ڕووی له زیادبوون كردووه، كه ئه‌مه‌یش هه‌ردوولای نیگه‌ران كردووه.
به گوێره‌ی ئاماره‌كان له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه له ناوچه كوردستانییه‌كان به‌هۆی هێرشه‌كانی تیرۆریستان، نزیكه‌ی 50 كه‌س كوژران و برینداربوون، به تایبه‌ت هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هێزه‌كانی عێراق كه 13 كوژراوی لێ كه‌وته‌وه و چه‌ند ته‌رمێكیش له شاره‌دێی ڕه‌شادی باشووری ڕۆژئاوای كه‌ركووك له شه‌وی چوار له‌سه‌ر پێنجی ئه‌و مانگه دۆزرانه‌وه، كه به ده‌ستی تیرۆریستانه‌وه كۆتایی به ژیانیان هێنرابوو.
عه‌ره‌ب و توركمان ئاگه‌داری مه‌ترسییه‌كانی داعش نین و به‌غدا گوێگریان نابێت
شوان شه‌مێرانی ئه‌فسه‌ر له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌وباره‌وه به میدیاكانی ڕاگه‌یاندووه، كه بۆ یه‌كه‌مجاره گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه‌ركووك و سه‌ردانێكی مه‌یدانی ئه‌و ناوچانه‌ی كردووه، كه دوو لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ی پێشمه‌رگه و سوپا تێیدا جێگیر ده‌كرێن، دووپاتیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و دوو لیوایه بریتییه له پاراستنی ناوچه‌كه و ڕێگری له هه‌ر پێشێلكارییه‌كی ته‌ناهی و هێرشێكی تیرۆریستی.
سیاسییه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان هه‌ر زوو هه‌ستیان به‌و هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق كرد، بۆیه پێنجشه‌می ڕابردوو له كۆنگره‌یه‌كی هاوبه‌ش به توندی دژی ئه‌و هه‌نگاوه وه‌ستانه‌وه و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه هێرشی پاشماوه‌كانی داعش به‌مجۆره ترسناك نین، كه هێزی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌یش كرد به بیانووێك و داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنیان له پارێزگه‌ی كه‌ركووك كرد، به‌ڵام به‌غدا به ته‌واوی په‌راوێزی خستوون، چونكه زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یان به وردی بۆ فه‌رمانده باڵاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته ڕوو.
تا ئێسته هیچ به‌رپرسێك له به‌غدا به ئاشكرا باسی له‌و هه‌نگاوه نه‌كردووه، ته‌نیا لێدوان له‌سه‌ر ئه‌وه دراوه، كه هه‌ڵمه‌ت و ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له نێوان پێشمه‌رگه و سوپا له‌و ناوچانه ئه‌نجام ده‌درێت، پاشماوه‌كانی داعش له شوێنه دووره ده‌ست و چۆڵه‌وانییه‌كان له‌ناو ده‌برێن.
ئه‌فسه‌رێك به پله‌ی لیوا له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له میحوه‌ری خازر له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، پێشمه‌رگه بۆ ناوه‌ندی شار و شارۆكه‌كان و شوێنی نیشته‌جێبوونی دانیشتووان ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو بۆشاییه ته‌ناهییه‌كان له ناوچه‌كان پڕ ده‌كاته‌وه، به تایبه‌ت له ناوچه شاخاوییه‌كانی وه‌ك چیای قه‌ره‌چوغ و حه‌مرین، به‌رزاییه‌كانی داقووق و خورماتوو، هه‌موو ئه‌مانه‌یش به هه‌ماهه‌نگی وردی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌بێ و ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه گفتوگۆ له‌سه‌ر دانانی پلانێكی له‌وجۆره له نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش ده‌كرێت.
به گوته‌ی ئه‌فسه‌ره‌كه، پێشمه‌رگه له ناوچه‌كانی مه‌خموور و خازر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی دروست كردووه و بۆ ناوچه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بڕیاره له داهاتوویه‌كی نزیكیش بۆ خانه‌قین و ناوچه‌كانی تری سنووری پارێزگه‌ی دیاله بگه‌ڕێته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه زۆرترین هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بكات، بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه میلیشیاكانی شوێنكه‌وتووی ئێران له‌و ناوچانه دوور بخرێنه‌وه، تا كۆتایی به‌و هێرشانه‌یش بهێنرێت، كه ئه‌و گرووپانه ده‌یكه‌نه سه‌ر بنكه‌ی هاوپه‌یمانان له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر.
له مه‌خموور و خازر پێشڤه‌چوونی زۆرباش هه‌یه و له خانه‌قین و كه‌ركووكیش پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه و دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش ده‌ستی پێكردووه
پێشتر جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كه ئه‌ركی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه و سوپا خۆی له ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و ئارامی بۆ 550 كیلۆمه‌تر بۆشایی ته‌ناهی ده‌بینێته‌وه، كه له نێو پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق بوونی هه‌یه، ئه‌و بۆشاییه تهناهییانهیش كه‌وتوونه‌ته پارێزگه‌كانی نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله.
لیوا ته‌حسین خه‌فاجی گوته‌بێژ به‌ناوی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌كه گوتی، حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێم گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن، كه شه‌ش ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش بكه‌نه‌وه، هاوكات هێزێكی سه‌ربازی هاوبه‌شیش به قه‌باره‌ی لیوایه‌ك پێكده‌هێنرێت، كه ئه‌ركی سه‌ره‌كییان بریتیه له پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه چۆڵهوانییهكانی سه‌نگه‌ره‌كانی نێوان هه‌ردوولا، كه بووه‌ته گرفتێكی گه‌وره و به‌رده‌وام تیرۆریستان كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن.
زیاتر گوتی، ئه‌م كاره له ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌بێت، ڕه‌تیشی كرده‌وه كه پێشمه‌رگه بۆ نێو سه‌نته‌ری كه‌ركووك و شارۆكه‌كان بگه‌ڕێته‌وه، گوتی ئامانجه‌كه بۆ نه‌هێشتنی هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعشه له ناوچه چۆڵه‌وانییه‌كان.
كیفاح مه‌حموود نووسه‌ر له‌وباره‌وه گوتی، پێویستی كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی له‌و ناوچانه بۆ هه‌ردوولا ڕوونه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به مه‌ترسی داعش بهێنرێت، ئه‌وانه‌یشی كه له دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه، ئه‌وا بیركردنه‌وه‌یان نزیكه له هزری ڕژێمی به‌عسی له‌كارخراو له عێراق، كه فه‌رمانی كرد به عه‌ره‌بكردن و گۆڕانی دیمۆگرافی له كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه ئه‌نجام بدرێت، پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر ده‌ستووری عێراق له ڕێی ماده‌ی 140ه‌وه چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ داناوه.