ڕۆژنامه‌یه‌كی له‌نده‌نی له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركۆماری عێراق ئاشكرای كرد، كه ساڵح هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ، تا دووباره سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق وه‌ربگرێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌یش پێویستی به پشتیوانی سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانه، به‌وهۆیه‌وه‌یش له ڕۆژانی ڕابردوو گه‌یشته هه‌ولێر.
ئه‌و سه‌رچاوانه به ڕۆژنامه‌ی "
العرب"ی له‌نده‌نیان ڕاگه‌یاندووه، كه به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه توانیویه‌تی هاوسه‌نگی بپارێزێت له ماوه‌ی ڕابردوو وه‌ك سه‌ركۆماری عێراقه، بۆیه زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه لارییان نییه له‌وه‌ی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆماری پێ بدرێته‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه چاوی به سه‌رۆك بارزانی بكه‌وێ
به گوته‌ی ئه‌وان، لایه‌نه‌كانی سوننه و شیعه‌یش ساڵح به گونجاو ده‌زانن، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره ببێته‌وه به سه‌ركۆمار، به‌ڵام دواجار ئه‌مه پێوه‌سته به ڕێككه‌وتنی حزبه‌كانی كوردستان، له‌وه‌ی كه بۆ خولی دووه‌م وه‌ك كاندیدی كورد پێشكه‌شی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن، یان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌می سه‌ركۆماری عێراق، هه‌ینی ڕابردوو به‌رهه‌م ساڵح گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رچاوه نزیكه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێن، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و داواكردن بووه له سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، تا پشتیوانی بكه‌ن و ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن، دووباره ببێته‌وه به سه‌ركۆماری عێراق.
پۆستی سه‌ركۆماری عێراق به گوێره‌ی دابه‌شكاری پۆسته سه‌ره‌كییه‌كان له عێراق له دوای 2003ه‌وه پشكی كورد بووه، كوردیش به گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوو، له‌سه‌ر كاندیدێك ڕێككه‌وتوون و پێشكه‌شی په‌رله‌مانیان كردووه، تا وه‌ك سه‌ركۆمار هه‌ڵبژێردرێت، هه‌رچه‌نده له خولی ڕابردوو، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆده‌نگی حزبه كوردستانییه‌كانی شكاند و بێ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رهه‌م ساڵحی كاندید كرد، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح دڵنیایه كه ئه‌مجاره شكست ده‌هێنێت و یه‌كێتی ناتوانێ به ته‌نیا بیكاته‌وه به سه‌ركۆمار، بۆیه به‌لایه‌وه گرنگه كه سه‌رۆك بارزانی پشتیوانی بكات.
هه‌رچه‌نده به‌رهه‌م ساڵح له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر، چاوی به سه‌رۆك بارزانی نه‌كه‌وتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه، له ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمی دیداره‌كه‌یشیان دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه، كه دواپێشهاته‌كانی دۆخی عێراق و ناوچه‌كه و كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق خراوه‌ته به‌رباس.
له‌وه دڵنیاییه ئه‌زموونی جاری پێشووی بۆ دووباره نابێته‌وه، بۆیه ڕووی كردووه‌ته هه‌ولێر
له ڕاگه‌یه‌نراوی دیداره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركۆماری عێراق، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماژه به‌وه نه‌كراوه، كه باس له دووباره كاندیدكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراق بكرێت، به‌ڵام وه‌ك سه‌رچاوه‌كان بۆ ڕۆژنامه‌كه دووپاتیان كردووه‌ته‌وه، كه به‌رهه‌م ساڵح بێ دوودڵی ده‌یه‌وێ ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كورد باس بكات و نیازی خۆی نه‌شاردووه‌ته‌وه، له‌وه‌ی كه ده‌یه‌وێ دووباره پۆسته‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه.
پێشتر به‌رهه‌م ساڵح له دیدارێكی ته‌له‌ڤزیۆنی دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌ركی یه‌كه‌م و له پێشینه‌م ئه‌وه‌یه كه كار بكه‌ین، تا هه‌ڵبژاردنه‌كان به ئاشتی به‌ڕێوه بچن، دواتریش هه‌وڵ ده‌ده‌م كه خولی دووه‌م سه‌ركۆماری عێراق وه‌ربگرمه‌وه و زۆرم هه‌یه كه له‌و پۆسته‌وه پێشكه‌شی بكه‌م.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، به‌رهه‌م ساڵح هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووه‌ته گه‌ڕ، تا سه‌رۆك بارزانی وه‌ك پێش هه‌ڵبژاردنی به سه‌ركۆماری عێراق له 2018 مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكاته‌وه، چونكه ئه‌وكات به‌رهه‌م ساڵح گوێی به یه‌كڕیزی و ڕێككه‌وتنی ناوخۆی هێزه‌كانی كوردستان نه‌دا و پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت و ڕكابه‌ری فوئاد حوسێنی كرد كه كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ ئه‌و پۆسته.
پێشتر ساڵح له ڕیزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاته ده‌ره‌وه و هاوپه‌یمانی پێكهێنا و وه‌ك سه‌رۆكی ڕه‌وتێكی نوێی سیاسی خۆی ناساند، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌مترین ده‌نگی هێنا و تووشی شكستێكی گه‌وره بوو، بۆیه دواجار له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌ركۆمار كه له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه به‌ڵێنی پێ‌درابوو، دووباره گه‌ڕایه‌وه ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژنامه هاتووه، كه شاره‌زایان و چاودێران ده‌رفه‌تی بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح به سه‌ركۆماری عێراق به دوور ده‌زانن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو زۆرترین هه‌وڵی خۆی خسته‌گه‌ڕ، تا به ڕووی هه‌مووان بكرێته‌وه و پێوه‌ندییه‌كانی ئاسایی بكاته‌وه.