بەرپرسێكی یەكێتی هێرش دەكاتە سەر سێ‌ ماڵە پارتی و برینداریان دەكات

:: AM:10:19:20/09/2021 ‌
شەوی ڕابردوو بەرپرسێكی یەكێـتی و چەند كەسێكی تر، هێرش دەكەنە سەر چەند ماڵێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهۆیەوە دوو كەس بریندار دەبن و تاوانبارانیش هەڵاتوون.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، هەڵمەت حەساری بەرپرسی ناوچەی حەساری سەربە لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لە گوندی گوڵدەرەی سەربە شارەدێی پردێ، لەلایەن موختاری گوندی گوڵدەرە كە هاوكات كادری كۆمیتەی یەكێتییە لە حەسار، هێرشی كردە سەر چەند ماڵێكی پارتی.

چوونەتە بەردەم ماڵیان و سووكایەتیی زۆریان پێ كردوون و دوو كەسیشیان بریندار كردووە.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، هۆكاری هێرشەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ماڵانە هاوشێوەی هەر حزبێكی تر، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئاڵای پارتییان لەسەر ماڵەكەیان هەڵكردووە، دواتر ئەو كەسانەی سەربە یەكێتین، چوونەتە بەردەم ماڵیان و سووكایەتیی زۆریان پێ كردوون و دوو كەسیشیان بریندار كردووە.

باسی لەوەش كرد، ئەو كەسانەی بریندار كراون، ناویان بارزان ئیبراهیم و هیوا عەلییە و بە فیشەك بریندار كراون. ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە، یەكێكیان گیراوە و ئەوانی تر هەڵاتوون و هێزە تەناهییەكانی ناوچەكە دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەوڵی داوە بە ئارامترین شێوە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و لە ململانێی حزبی و چەكداری خۆی بپارێزێت.



وشە - رامیار جەواد