لە زانكۆیەكی رووسیا تەقە دەكرێ و هەشت كەس دەكوژرێن

:: PM:01:14:20/09/2021 ‌
ئەمڕۆ كەسێك لەناو زانكۆی بیرەم لە شاری بیرەمی رووسیا، تەقە دەكات و بەهۆیەوە هەشت كەس دەكوژرێ و چەندان كەسی تریش بریندار دەبن. لیژنەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی رووسی هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئەیلوول، هەواڵەكەی لە میدیاكانی رووسیا وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، چەكدارێك لەناو زانكۆی بیرەم لە رووسیا، بە هەڕەمەكی تەتەی كردووە، بەهۆیەوە هەشتی كوشتووە و زیاتر لە 10 كەسی تریشی بریندار كردووە. بكوژەكەیش گیراوە.

هیچ یەكێك لە میدیاكانی رووسیا ناوی بكوژەكەیان نەهێناوە و هۆی تەقەكردنەكەیش نازانرێ، تەنیا ئەوە نەبێ كە لە كاتی تەقەكردنەكەیشدا، زۆرینەی قوتابیان و فەرمانبەرانی زانكۆكە، خۆیان خزاندووەتە ناو ژوورەكان تا نەكوژرێن، چونكە بكوژەكە بەهەر چوار لای خۆیدا بە هەڕەمەكی تەقەی كردووە.

راگەیاندنی زانكۆكەیش رای گەیاندووە، ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان لە پەنجەرەكانەوە خۆیان فڕی داوەتە خوارەوە. 

شاری بیرەم دەكەوێتە دووریی هەزار و 100 كلیۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مۆسكۆی پایەتەخت و نزیكەی یەك ملیۆن كەس تێیدا دەژین. هەزار و 200 قوتابیش لەو زانكۆیە دەخوێنن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د