تارمایی و ترس یەكێتی دادەپۆشێت

:: PM:02:21:20/09/2021 ‌
بەهۆی بوونی دوو كاندیدی پارتی لە سنووری كەركووك و بوونی جەماوەرێكی زۆر، تارمایی و ترس یەكێتیی لە سنووری كەركووك داپۆشیوە و لە شەوی ڕابردووەوە، هەموو هەوڵێك بۆ سووكایەتیكردن بە كاندیدانی پارتی لەو سنوورە دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، لەلایەن میدیاكانی یەكێتی هەڵمەتێكی فراوان دژی دوو كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەستی پێ‌ كردووە، بەهەموو میدیا سێبەرەكان و زمانحاڵی فەرمی ئەو حزبە، هەوڵی ناشیرینكردنی ئەو دوو كاندیدە دەدەن.

ئەو ترسە تەنیا عەرەب و توركمانی لە كەركووك نەگرتووەتەوە
بەكر شێخ بورهان كادری پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دڕاندن و لێكردنەوەی پۆستەرەكانی دوو كاندیدەكەی پارتی زۆر بووە، ئەوەیش بەهێزیی ئەو دوو كاندیدە دەسەلمێنێت.

زیاتر گوتی، بەڵگەی تەواو هەیە كەسانێك كە كوردن، پۆستەری كاندیدەكانی پارتی دەدڕێنن، ئەوەیش بەهۆی مەترسی لە بوونی ئەو دوو كاندیدە لەسەر دەنگی كاندیدەكانی تر.

ئەو ترسە تەنیا عەرەب و توركمانی لە كەركووك نەگرتووەتەوە، بەڵكو یەكێتی بەفەرمی لە كەناڵە ئاسمانییەكانی و میدیای فەرمی و سێبەرەكانی، هەوڵی ناشیرینكردنی ئەو دوو كاندیدەی پارتی لە كەركووك دەدات.

بەهۆی بانگەشەی دوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، جەماوەرێكی زۆریان لێ كۆ بووەتەوە، بەپێچەوانەی سەركردایەتیی یەكێتی لە كەركووك، ئێستە ترسێكی زۆر ئەو حزبەی گرتووەتەوە، چاوەڕوانی ئەوە نەبوو ئەو هەموو خەڵكە لە بانگەشەی پارتیدا ئامادەبن.


وشە - رامیار جەواد