چەكدارانی عەسائیب ئەهلی حەق بانگەشەیان بە یەكێتی ڕاگرت

:: PM:12:06:23/09/2021 ‌
چەكدارانی عەسائیب ئەهلی حەق، ئاگەداری كاندیدی یەكێتی لە سنووری گوڵاڵە دەكەنەوە كە پۆستەر هەڵنەواسێت، بانگەشە ڕابگرێ‌ بە بیانووی نائارامی ناوچەكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی دووشەم لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و لێدانی تابلۆی بانگەشە لەلایەن لایەنگرانی یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی، لەلایەن چەكدارانی عەسائیب ئەهلی حەق ئاگادار دەكرێنەوە بانگەشە ڕابگرن.

ئەگەر بەردەوام بن مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
لە زانیارییەكاندا ئەوەش هاتووە، ئەو چەكدارانە لە سنووری گوڵاڵە، تا ئێستەیش بانگەشەیان بە كاندیدی یەكێتی لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی ڕاگرتووە، ئەوەیش بە بیانووی نائارامی ناوچەكە.

لەو سنوورەدا چەكدارانی عەسائیب بە بەرپرسانی یەكێتییان گوتووە، ئەو كەسانەی بانگەشە بۆ ئەو كاندیدە دەكەن، ئەگەر بەردەوام بن مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، تا ئێستە بانگەشە لەو سنوورە دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە و لەسەر ئاستی بەرزیش پێوەندییان كردووە بەو چەكدارانە، بەڵام ڕێگرییەكان بەردەوامن.

ئێستە بانگەشەی حزبەكان لە بەرزترین دۆخیدایە و پێشتریش لە هەڵبژاردنەكانی تری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێگری كرابوو لە دوو كاندیدی كوردی سەربەخۆ.



وشە - رامیار جەواد