زانست دەیسەلمێنێ بڕینی نینۆك لە شەودا باش نییە

:: AM:11:02:28/09/2021 ‌
لە  كولتووری كوردەواریدا زۆرجار لە بەتەمەنەكان ئەوەمان گوێ لێ بووە كە نابێ لە شەودا نینۆك بكرێت، بێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی لۆجیكیمان بۆ بخەنەڕوو. ئەم ئامۆژگارییە لای زۆرینە بە خورافات دانراوە و بە دەگمەن كەسانێك ماون باوەڕیان بەو ئامۆژگارییە هەبێت، كەچی ئێستە زانست سەلماندوویەتی بڕینی نینۆك لە شەودا باش نییە.

نەریتی هەڵەبوونی نینۆككردن لە شەودا تەنیا لای نەتەوەی كورد نەبووە، بەڵكو لە نەتەوەكانی تریش هەر هەمان ئامۆژگاری هەبووە. ژاپۆنییەكانیش داوایان كردووە نابێت لە شەودا نینۆك بكرێت.

بەگوێرەی سپوتنیك، دواین توێژینەوەی زانایان دەریخستووە كە كالسیۆمی زیادەی لەش لە شەودا لە ناو نینۆكەكان كۆ دەبێتەوە، لەشی مرۆڤ وەك كۆگایەك سوود لەو نینۆكانە وەردەگرێت. كاتێك مرۆڤ لە شەودا نینۆك بكات، ئەوا لەگەڵ ئەمە كۆگای كالسیۆمی لەشیش لەناو دەبات.

هەر بەپێی توێژینەوەكە، كاتێك مرۆڤ بەیانیان لەخەو هەڵدەستێت، پێویستی بە كالسیۆم هەیە و لەشی مرۆڤ كالسیۆمی پێویست لەو نینۆكانە وەردەگرێت، كاتێك نینۆك بڕابێت، ئیتر كورتهێنانی كالسیۆم لە لەشدا روو دەدات.

بڕینی نینۆك لە شەودا دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ یان تەمەنی كورت دەكاتەوە


ئەفسانەیەكی ژاپۆنی هەیە دەڵێت، بڕینی نینۆك لە شەودا دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ یان تەمەنی كورت دەكاتەوە. هەر بەپێی ئەفسانەكانی ژاپۆن بەشێك لە رۆحی مرۆڤ لە ناو نینۆكەكاندایە و لە شەودا زیاتر چالاك دەبێت، كاتێك تۆ نینۆكت دەبڕی، ئەوا بەشێك لە رۆحی خۆت دەكێشیت.

یەكێك لە پاساوە لۆجیكییەكانی تر كە لە  رابردوودا بۆ نەبڕینی نینۆك لە شەودا هەبووە ئەوەیە، چونكە لە رابردوودا كارەبا و رووناكی نەبووە، كاتێك كەسێك ویستبێتی بەشەو نینۆكی ببڕێت، لەوانەیە لەبەر تاریكبوون زیان بە پەنجەی بگەیەنێت، وا باش بووە لە رووناكایی رۆژدا نینۆك بكرێت.

بە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە بۆمان دەردەكەوێت لە جیاتی ئەوەی گاڵتە بە هەندێك ئامۆژگاری بەتەمەنەكان بكەین، كاتێك هیچ پاساوێكی لۆجیكییان بەدەستەوە نییە، وا باشترە لە رووی زانستی بەدوایدا بگەڕێین، چونكە ئامۆژگاری و پەندە كۆنەكان لە خۆوە نەگوتراون.



وشە - سلێمان تاشان