ئەو كۆچبەرانەی لە رێی بیلارووسەوە دەچنە لیتوانیا تووشی چارەنووسێكی نادیار دەبن

:: PM:04:11:28/09/2021 ‌
ماوەیەكە كۆچبەران وڵاتی بیلارووسیان كردووەتە دەروازەیەك بۆ گەیشتن بە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام ئەو كۆچبەرانەی لە رێی ئەو وڵاتەوە دەچنە لیتوانیا، تووشی چارەنووسێكی نادیار دەبن.

كەم نین ئەو كۆچبەرە كوردانەی لە بیلارووسەوە لە هەوڵی ئەوەدان بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بڕۆن و لەوێ داوای پەنابەری بكەن. كۆچبەران لە دوو رێی لیتوانیا و پۆڵەنداوە دەیانەوێت بڕۆن و بەشێك لەوانەش كەوتوونەتە داوی قاچاخچییان و فێڵیان لێ دەكرێت.

زیاتر لە 400 پەناخواز كە زۆرینەیان كوردن لە كەمپێكی لیتوانیا راگیراون


رەسوو خوڕەم رۆژنامەنووس كە لە فینلەنداوە گەشتێكی ئەم ناوچانەی كردووە تا لە دۆخی پەناخوازان ئاگادار بێت، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، زیاتر لە 400 پەناخواز كە زۆرینەیان كوردن لە كەمپێكی لیتوانیا راگیراون، رێش بە هیچ رۆژنامەنووسێك نادرێت سەردانی كەمپەكە بكەن و لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی كۆچبەران بن. 

بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە ژمارەی کەمپەکانی کۆچبەران لە لیتوانیا چوار یان پێنج کەمپ دەبن و چوار هەزار کۆچبەر لەم کەمپانەدا راگیراون،


ئەو ئاماژەی داوە، ئەو کەمپەی لە نزیکەوە بینیویەتی و پۆلیس رێگای نەداوە سەردانی بکات و لەگەڵ کۆچڤەرەکان بدوێت، بە هیچ شێوەیەك لە كەمپێك ناچێت كە لە زۆر وڵاتی یەكێتی ئەوروپا هەن، كۆچبەران بۆ ماوەیەكی كاتی لەو شوێنە رادەگیرێن، بەڵكو ئەوەی لیتوانیا رێك وەك گرتووخانە وایە و وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، ئەوانەی لە بیلارووسەوە روویان لە لیتوانیا كردووە، لە لایەن قاچاخچییەكان هەڵدەخەڵەتێنرێن و وایان بۆ باس دەكەن كە گوایە رێی لیتوانیا هیچ كێشەیەكی نییە و یەكسەر وەردەگیرێن، لە كاتێكدا دۆخەكە لە لیتڤانیا سەختە. ئەمەش لەبەرئەوەی دیاردەی كۆچبەری بۆ لیتوانیا شتێكی نوێیە، تەنانەت پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیارێكی دەركردووە هەر كەسێك بێتە ناو خاكی وڵاتەكەی، بە سنووربەزێن هەژماری دەكات و وەك تاوانبارێك سەیری دەكات، لە كەمپی داخراودا رایدەگرێت كە وەك گرتووخانەیە.

زۆرجار كۆچبەر هانا بۆ خۆكوشتن دەبات.


وەك زیاتر خستیەڕوو، دۆخەكە ئەوەندە قورسە هەر كەسێك بچێتە ئەو كەمپانە، هەوڵی راكردن دەدات و تەنانەت زۆرجار كۆچبەر هانا بۆ خۆكوشتن دەبات. هەر لەم رۆژانەدا كوردێك هەوڵی خۆكوشتنی دا، منداڵیك كە لە رێی لیتوانیا كوارگی ژەهراوی خواردبوو، گیانی لە دەست دا و چەندان حاڵەتی مردن تۆمار كراوە.

بەپێی ئامارێك كە ئەو رۆژنامەنووسە خستیەڕوو، لە تەواوی ئەو كەسانەی گەیشتوونەتە لیتوانیا، ژمارەیان چوار هەزار كەس دەبێ، بەڵام 600 كەس چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە، كەچی تەنانەت یەك كەسیش وەرنەگیراوە. لە تەواوی ئەو کۆچبەرانەش کە گەیشتوونەتە لیتوانیا 90%یان عێراقی و کوردن.


وشە - سلێمان تاشان