گۆڕانكاری لە باجی نانخواردن لە چێشتخانەكان دەكرێ‌

:: PM:02:48:07/10/2021 ‌
مەحموود تۆفیق سەرۆكی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی سلێمانی، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، نەمان و كەمبوونەوەی بەفر لە وەرزی زستان، زیانی زۆری هەبووە بۆ گەشتیاری زستانە، هەروەها ئەمساڵ چێشتخانەكان و میوانخانەكان ساڵێكی نموونەییان بەڕێ كرد و بۆ ساڵی داهاتووش چاوەڕوانی زۆر زیاتر دەكرێ‌، بەنووسراوی فەرمی و پشتگیریی دەستەی گەشوگوزار، داوای كەمكردنەوەی باجی سەر چێشتخانەكان كراوە.

ئەمساڵ دۆخی چێشتخانەكان بەشێوەیەكی گشتی چۆن بوو؟
ئەمساڵ هەرچەندە سەردەمی كۆرۆناش بوو، بەڵام ساڵێكی زۆرباش بوو بۆ چێشتخانەكانی سنووری سلێمانی، ئەوەی زۆری جێی گەشبینییە، ئەمساڵ هیچ پووچەڵكردنەوە لە هەڵگرتنەوەی چێشتخانە نەبووە، بەڵام لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا داخستن و هەڵگرتنەوە زۆر بوو و 27 شوێن داخران.

ئەی  ئەمساڵ داخستن هەبووە؟
ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەمساڵ هیچ شوێنێك دانەخراوە یان هەڵنەگیراوەتەوە، بەڵكو شوێنی نوێ‌ كراونەتەوە، ئەوەیش گەشبینییە بۆ ئێمە كە دۆخەكە بەرەوباشییە، ئەمساڵ كۆمەڵێك ئیشی جوانیش كراون كە بووەتە هاندانێكی باش بۆ گۆڕانكاری لەكار و پێشچوون بۆ چێشتخانەكان.

كاراكردنی باج لەسەر ئەو چێشتخانانەی چەند ئەستێرەیەكیان هەیە، كاریگەریی لەسەر چێشتخانەكان هەبووە؟
 بەڕێوەبەری باجی گشتی ئەمساڵ سەردانی كردین و لە سلێمانی كۆبوونەوەیەك هەبوو، ئێمەیش بەشدار بووین، ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند و لە یەكی تەمووزیش چووەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام خەڵكێكی زۆر و گەشتیارێكی زۆری پێی بێتاقەتن، بۆ نموونە كەسێك یان خێزانێك دەچنە ئەو شوێنە، خێزانێكن و بایی 100 دۆلار نان دەخۆن، لە كاتێكدا 110 دۆلار وەردەگیرێت.

ئێستە تاكە گلەیی گەشتیاران بوونی باجە؟
بەڵێ‌ تاكە گلەیی گەشتیاران لەو وەرزەدا، گلەیی لە بوونی باجی چێشتخانەكان بووە و زۆریش پێی نیگەرانن، هاووڵاتییان و گەشتیاران تا ئاستێك هەستێكی جیاوازیان لەگەڵ ئەو باجە هەیە.

ئەو گلەییەتان بۆ بە نووسراو بەرز ناكەنەوە؟ 
هەنگاومان ناوە بە نووسراوێكی فەرمی لەڕێی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، داوای پێداچوونەوەمان كردووە بەو باجە، بەشێوەیەكی تر ڕێكبخرێتەوە، بۆ نموونە وەرگرتنەوەی ئەو باجە بەپێی ئەستێرەی شوێنەكە بێت، ئەگەر چێشتخانەكە یەك ئەستێرە بێت، هەزار دینار وەربگیرێت واتە بۆ هەر ئەستێرەیەك بڕی هەزار دینار دیاری بكرێت.

قسەی سەرۆكی دەستەی گەشوگوزار لەسەر نووسراوەكە و گلەیی ئێوە چی بوو؟
زۆر پێی نیگەرانە و لەگەڵ  ئێمە هەمان هەڵوێستی هەیە و لەگەڵ پێداچوونەوەدایە، چونكە لە كۆتایی پرۆسەكە لە بەرژەوەندیی گشتی و كەرتی گەشتیارییە، هەموو هەوڵەكانیش بۆ باشتركردنی كەرتی گەشتیارییە.

ئەمساڵ خاوەن هۆتێل و مۆتێلەكان گلەییان هەبوو و گردبوونەوەیەكشیان ساز كرد، بنەڕەتی ئەو گلەییە لە چییەوەیە؟
هەموو خاوەن هۆتێلەكان گلەییان هەیە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەرهێنانی مۆڵەت یان نوێكردنەوەی مۆڵەت، بۆ نموونە كاتێك دەتەوێ مۆڵەت نوێ‌ بكەیتەوە، شەش مانگی پێویستە، ئەوەیش ئەركەكەی هێندەی تر قوڕس كردووە، چونكە مۆڵەتەكە بۆ ساڵێك كاری پێ‌ دەكرێت و دوای شەش مانگ، دەبێت جارێكی تر مامەڵەكان سەرلەنوێ‌ دەست پێ‌ بكرێتەوە.

داواكاری ئێوە چییە؟
ئێمە داوامان كردووە مۆڵەتی هۆتێلەكان بكرێتە دوو ساڵ، یانی ئەو باجەی پێویستە دوو ساڵ دەدەین و كێشەمان نییە، بەڵام مۆڵەتەكە با بۆ دوو ساڵ بێت، هەموو شەش مانگێك سەرقاڵی مۆڵەت نابین، بەڵكو سەرقاڵی پەرەپێدانی كارەكانمان دەبین باشترە.

دەست كراوە بە دانانی دەرچووانی بەشەكانی گەشتوگوزار بەڕێژەی 30%ـی فەرمانبەرانی ئەو شوێنانە، ئەوە دەتوانێ كەرتی گەشتوگوزار بەرەوپێش ببات؟
ئێمە وەك كەرتی تایبەت لەسەر ئەو بابەتە بۆچوونی ترمان هەیە و پێمان وایە، بەپێی پێویستی شوێنەكە ئەو كەسانە دابنرێن، بۆ نموونە ئەو شوێنە خواستی هەیە لەسەر بوونی فەرمانبەرێكی ئایتی، ئەوا فەرمانبەرێكی گەشتوگوزار ناتوانێ ئەو كارە بكات، یان پێویستمان بە زمانزانێك هەیە بۆ بەشی پێشوازی، ئەو فەرمانبەرە نابێت لەو شوێنە هەبێت كە زمان نازانێت، بۆیە بە دانانی لەو شوێنە بارگرانی دروست دەكات.

گەشتیاریی زستانە لە سێ‌ ساڵی ڕابردوودا گەشەی بەخۆیەوە بینی، پێتان وایە ئەمساڵیش وابێت؟
ئێمە ئەگەر خزمەتگوزاری پێشكەش بكەین و ئەو شتانەی بۆ پێشخستنی داوامان كردووە جێبەجێ‌ بكرێت، ئەوا گەشتیاریی زستانەیش هیچی كەمتر نییە لە گەشتیاریی وەرزەكانی تر، بەتایبەت ئەگەر بەفر ببارێت، بەتایبەتی زستانی ساڵی ڕابردوو بەفر نەبوو و وشكەساڵی بوو، ئەوا گەشتیاری زستانە كەم بوو و زیانی هەبوو، كۆرۆناش یەكێك بوو لە بەربەستە گەورەكان كە ڕێی لە بوونی گەشتیاری زستانە گرت.


وشە - رامیار جەواد