حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە چەندان بازنەی هەڵبژاردن، داوا لە لایەنگران و دەنگدەرانی دەكات دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.
لە ڕاگەیەنراوێكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاری دا، لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی و یەكخستنی هەوڵ و دەنگەكان لە ژمارەیەك لە بازنەكانی هەرسێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر، دهۆك، بازنەكانی شارەزوور و هەڵەبجە، پشتیوانیی لە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت.
باس لەوەش كراوە، بڕیار دراوە لە پارێزگای هەولێر، لە بازنەكانی دوو و سێ و چوار، لە پارێزگای سلێمانی لە بازنەی یەك و سێ و چوار و پێنج، لە پارێزگای دهۆك لە بازنەكانی یەك و دوو و سێ پشتیوانیی لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت.
ڕوون كراوەتەوە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی، لە بازنەكانی دووی سلێمانی و یەكی هەولێر و تەواوی پارێزگای كەركووك و خانەقین و مووسڵ، كار بۆ سەرخستنی كاندیدانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بكرێت.
ئەو پاڵپشتییەی حزبی سۆسیالیست لە كاتێكدایە، ئێستە سەرجەم حزبە توركمانییەكان لە هەڵبژاردن بڕیاریان داوە پاڵپشتی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن.