خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێكدا، شكستی بزووتنەوەكەی لە هەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند و كەموكوڕییەكانیش بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەریخست كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێناوە و سەرنەكەوتوون.
باس لەوەش كراوە، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەین و ددان بەوەدا دەنێین، هەڵە و كەموكوڕی لە ئێمە بووە كە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەكان، متمانەی خەڵكیان بەدەست نەهێناوە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەیش ئاشكرا كراوە، بە راشكاوی دەڵێین كە پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچوونەوەی ریشەیی بزووتنەوەكە و سیاسەتەكانی هەیە، چونكە دەنگدەرانمان هەڵوێستیان وەرگرتووە و زۆرینەیان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، وەك چۆن زۆرینەی هاووڵاتییان هەمان شتیان كردووە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت، ئەم واقیعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرین و لە نزیكترین كاتدا گۆڕانكاریی ریشەیی دەكەین.