ژمارەیەكی زۆر بەرپرس و كادری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر، دەست لەكار دەكێشنەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەو شكستە قورسەی بزووتنەوەكەی لە هەڵبژاردنەكاندا دووچاری هاتووە.
ئەمڕۆ دووشەم 11ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە و تێدا هاتووە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرس و ئەندامی بزووتنەوی گۆڕان، دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان ڕابگەیەنن.
بەپێی زانیارییەكان كە دەست "وشە" كەوتووە و باس كراوە، ئەندامی ئەنجوومەنی مەكۆی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی بازنەی خانەقای ئەو بزووتنەوەیە لە هەولێر، لەناو لیستی ئەو كەسانەن دەست لەكار دەكێشنەوە.
جگە لە بەرپرسەكان، بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر ژمارەیەك هەڵسووڕاوی گۆڕان دەست لەكار بكێشنەوە و وازهێنانی خۆیان ڕابگەیەنن.
ئەو دەست لەكاركێشانەوەیە لە كاتێكدایە، ئێستە ئەو بزووتنەوەیە بە خراپترین دۆخی خۆی تێدەپەڕێت و لە هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 10ـی تشرینی یەكەمدا، نەیتوانیوە یەك كورسیش بەدەست بهێنێت.