دوای بردنەوەی سەدر هێزە دۆڕاوەكان چیان پێ دەكرێت؟

:: PM:07:40:12/10/2021 ‌

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەم بێ كێشە بەڕێوە چوو، دوێنێ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئەنجامە بەراییەكانی راگەیاند و ئەو كاندید و لیستانەیش دیاری كران كە كورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، دەركەوت كە سەدرییەكان زیاتر بە 30 كورسی لەپێش نزیكترین ركابەریانن، ئەوەیش وا دەكات لەگەڵ چەند لیستێكی تر زۆرینەی پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومەت فەراهەم بكەن، بەڵام هێزە دۆڕاوەكان چی دەكەن؟

تارق حەرب، شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن بارستەی سەدر گەورەترین و زیاترین ژمارەی كورسی پەرلەمانی هەیە، بەپێی مادەی 45 لە یاسای هەڵبژاردن و مادەی 76ی دەستووری عێراق دەبێت ئەو حكوومەت پێك بێنێت، بۆیە دەبێ هەر ئەوان حكوومەت پێك بێنن، چونكە زیاترین ژمارەی كورسیان هەیە، جیا لەوەیش یاسای هەڵبژاردن رێگری لە گواستنەوەی ئەندامان كردووە، لە 2010 گواستنەوە رووی دا، واتە نووری مالیكی كە دووەم بوو و 89 كورسی هەبوو، بووە زیاتر لە 100 كورسی و ئەیاد عەلاویش، كە زۆرینەی لە هەڵبژاردن بەدەست هێنا بە 91 كورسی، لەو ژمارەیە مایەوە و بووە دووەم.

زیاتر گوتی، بۆیە ئێستە گواستنەوەی ئەندامەكان قەدەغەیە و نابێ و ناكرێ بارستەیەكی گەورەتر لەوەی سەدر دروست ببێت، كە زیاتر لە 30 كورسی لەپێش هەر بارستەیەكی ترە كە هاوپەیمانی "تەقەدومە"، بۆیە پێویستە بارستەی سەدر بۆ پێكهێنانی حكوومەت بێتە راسپاردن، ئەوان ماوەیە مانگێكیان پێ دەدرێت، ئەگەر نەتوانن حكوومەت پێك بێنن، كەسێكی تر دێتە راسپاردن.
لەم هەڵبژاردنە هەموو لیستێكی بەشدار قەبارەی راستەقینەی دەركەوت
حەرب لەبارەی هۆكاری ئەو گۆڕانە گەورە و چاوەڕوان نەكراوەی هەڵبژاردن و ئەنجامی لیستە گەورەكانی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە، لەوانە وردی لە چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكە و دوورخستنەوەی لە هەوەس و خواستی كەسی، ئەوەیش وای كرد دیودەری و پاكی و دادپەروەری فەراهەم بێت، كە لە هەڵبژاردنی پێشوو ئەوە نەبوو، هەموو لیستێكی بەشدار قەبارەی راستەقینەی دەركەوت، بۆ نموونە كەركووك كە بە قەڵایەكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دادەنرا، دەركەوت وا نییە و هی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

لەبارەی شێوەی پرۆسەی سیاسی داهاتووی عێراق و رۆڵ و كاریگەریی هێزە نەیارەكانی حكوومەت، ئەو شارەزا روونی كردەوە، ئێستە بارستەی سەدر بەسەر هەموواندا زاڵە و هەمووان رووی تێ دەكەن، ئەوان هەموویان وەزارەت و پۆست و دەستكەوتیان دەوێت، چونكە ئەو هێزانە لەپێناو خەڵك خۆیان كاندید نەكردووە، بەڵكو بۆ پۆست و وەزارەت، بۆیە ئەوان سوورن لە هاوكاریكردن لەگەڵ بارستەی سەدر.

"بۆ نموونە هاوپەیمانیكردنی سەدرییەكان لەگەڵ هاوپەیمانی تەقەدوم و پارتی دیموكراتی كوردستان و بارستەیەكی بچووك بابەتەكە كۆتایی دێت، ئەوكات با ئەوانیتر ببنە بەرهەڵستكار، فەتح یان دەوڵەتی یاسا، مادەم ئەوان زۆرینەیان مسۆگەر كرد بابەتەكە ئاسان دەبێت، ئەوان دەبنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ناتوانن هیچ بكەن بەرانبەر بەو زۆرینەی حكوومەت لە پەرلەمان هەیەتی، با 164 كورسیان هەبێت و بە هەوەسی خۆیان یاری بكەن، هیچ ئەنجامێكی نابێت"، تارق حەرب وای گوت.

بەپێی ئەو شارەزایە هەنگاوەكانی داهاتوو تا پێكهێنانی حكوومەت بریتی دەبێت لە، دوای راگەیاندنی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامی فەرمی، سێ رۆژ بە لیستەكان دەدرێت بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، دوای ئەوە حەوت رۆژ بۆ تاوتوێكردنی تانەكان دەدرێت و بڕیاری كۆتایی دەستەی دادوەری دەردەچێت، دوای ئەوە كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی دەخاتە بەردەم دادگای باڵای فیدرال بۆ پەسندكردنی، ئەوەیش سێ رۆژی پێویستە.

دوای 15 رۆژ لە پەسندكردنی ئەنجامەكان، سەركۆمار بە فەرمانی كۆماری داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ دەكات بۆ سازكردنی یەكەم دانیشتن كە بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوە دەچێت، لەو دانیشتنە سەرۆك و دوو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە بە زۆرینەی رەهای ئەندامان هەڵدەبژێردرێن، واتە نیوە كۆ یەك (165 ئەندام)، یەكەم كاری پەرلەمانی نوێ كردنەوەی دەرگەیە بۆ كاندیدانی سەركۆمار، كە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامان دەنگی پێ بدەن، واتە 210 ئەندام، ئەگەر لە یەكەم گەڕ یەكلا نەبووەوە، لە دووەم گەڕی دەنگدان ئەوەی زۆرینە بەدەست بێنێت دەیباتەوە.

دوای هەڵبژاردنی سەركۆمار، كاندیدی لیستی براوە و زیاترین كورسی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لە ماوەی 15 رۆژ رادەسپێرێت، زۆرینەی پێویست بۆ پەسندكردنی ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێ، زۆرینەی رەهای ئامادەبووانە، بۆ نموونە ئەگەر 300 ئەندام ئامادەی دانیشتنەكە بن، پێویستە 151 ئەندام دەنگ بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بدەن. 

ئەوەی باس كرا رێوشوێنە یاسایی دەستوورییەكانە، بەڵام لە حاڵەتی پەنابردن بۆ شێوازی تری وەك چەك و شەقام و دروستكردنی گرژی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا و بۆردمانكردن، بە مەبەستی شەرمەزاركردن و لاوازكردنی پێگەی حكوومەت، ئەوە ئەگەر وەك هەموو جارێك حكوومەتی داهاتوو نەكەوتە بازنەی تەوافوقی ئێران و ئەمەریكا، كە هەریەكەیان گوشار بخاتە سەر لایەنگرانیان بۆ رازیبوون بە ئەنجامەكان و بەشداریكردن لە حكوومەتێكی تەوافوقی، بەپێی قسەكانی دوێنێی سەدر كە خۆی وەك لایەنی براوە و دروستكەری حكوومەت و پرۆسەی سیاسی داهاتووی عێراق پێشان دا، ئەگەری هەیە رووبەڕووبوونەوەی ناراستەوخۆ لە شەقام و هێرش بەناوی گرووپی نادیارەوە رووبدات، ئەوكاتیش دۆخی ئارامی هەڵبژاردن دەبێتە هێمنی بەر لە رەشەبا و داهاتووی عێراق بەرەو نادیار دەچێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل