نەخۆشییەكی نادیار لە كەنەدا بڵاو دەبێتەوە

:: PM:01:05:13/10/2021 ‌
لە ناوچەیەكی كەنەدا، نەخۆشییەكی نادیار سەری هەڵداوە كە پێوەست بە مێشكە، باس لەوەیش دەكرێ كە ئەو نەخۆشییە بڵاویش دەبێتەوە، تا ئێستە شەش كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و دەیان كەسیش تووشی بوون. بەڵام پزیشكان نەگەیشتوون بەوەی جۆر و سەرچاوەكەی دیاری بكەن.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 13ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، لە كەرتی نیو برۆنزویك لە كەنەدا، شەش حاڵەتی مردن تۆمار كراون كە تا ئێستە جۆری نەخۆشییەكەیان دیار نییە، هاوكات دەیانی كەسی تریش تووشی هەمان نەخۆشیی بوون كە پێوەست بە مێشكە، ئەوە دەردەخات نەخۆشییەكە گومانی بڵاوبوونەوەیشی لێ دەكرێت.

بەپێی پێگە عەرەبییەكە كە لە پێگەی "ئێكسپریس"ی كەنەدیی وەرگرتووە، جیالەوەی شەش كەس تووشی ئەو نەخۆشییە نادیارە بوون و گیانیان لە دەست داوە، هاوكات 48 كەسی تریش بەهەمانشێوە تووشی بوون. پزیشكانی پسپۆر لەو وڵاتە تا ئێستە چەندان شیكردنەوەیان كردووە تا بگەنە ئەوەی جۆر و سەرچاوەكەی نەخۆشییەكە چۆن و كوێیە، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

ئەوانەی تووشی دەبن، تووشی لەبیرچوونەوە دەبن، هاوكات تووشی تووڕەبوونێكی لەناكاو دەبن


پێگەكە ئاماژەی بە نەخۆشییەكە داوە و نووسیویەتی، ئەوانەی تووشی دەبن، تووشی لەبیرچوونەوە دەبن، هاوكات تووشی تووڕەبوونێكی لەناكاو دەبن و هەموو ئەوانە نیشانەن كە نەخۆشییەكە پێوەست بە مێشكە، بەڵام جۆری بە نادیاری ماوەتەوە.

پێگەكە ئەوەشی گوتووە كە ئەوانەی تووشی بوون و گیانیان لە دەست داوە، تەمەنیان لە نێوان 18 تا 85 ساڵیدایە.

ئاژانسی تەندروستیی گشتیی كەنەدیش رای گەیاندووە، سەرەتاكانی ئەو نەخۆشییە لە كۆتاكانی ساڵی 2020دا لەو ناوچەیە دەركەوتووە، بەڵام ئێستە زیاتر گەشەی كردووە. ئێستەیش خەریكی لێكۆڵینەوەی چڕترین تا بگەینە هۆكار و جۆری نەخۆشییەكە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د