بەغدا.. لە بەردەم بنكەی ژماردنەوەی دەنگەكان بووە شەڕ و دەمەقاڵی

:: PM:04:15:13/10/2021 ‌

دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئێوارەی 11ی ئەم مانگە ئەنجامە سەرەتاییەكانی دەنگدانی 10ی ئەم مانگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، چەندان سكاڵا تۆمار كران و ژمارەیەكیش سندووق ژماردنەوەی دەنگەكانیان بۆ دەكرێت، لە بەغدا لە بەردەم بنكەی ژماردنەوەی دەنگەكان بووە شەڕ.

بەپێی شایەتحاڵەكان، شەڕەكە لە نێوان هێزێكی تایبەت لەگەڵ نوێنەری قەوارە سیاسییەكان لە دەروازەی "جوندی مەجهوول" رووی دا، ئەو شوێنەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنی لە بەغدا دیاری كردووە.
رێگریان لە وێنەگرتنی گواستنەوەی سندووقەكان بۆ ناو بنكەكە كردووە
شەڕەكە بەدەست بووە و ئەوكات رووی داوە كە هێزە تایبەتەكەی بۆ پاراستنی شوێنەكە دانراوە، رێگری لەو چاوەدێرانە كردووە بچنە ناو بنكەكە و سەرپەرشتی پرۆسەكە بكەن، بەهۆیەوە لە دەروازەی ئەو شوێنە بووە پەستان و بۆ شەڕی دەست پەرەی سەند، بەپێی زانیارییەكان هێزە تایبەتەكە سەرەتا دەستی بە شەڕەكە كردووە و لە چاودێرانی داوە.  

شایەتحاڵەكان گوتیان، ئەو هێزە تایبەتە دەستی بەسەر میمۆری كامێرای وێنەگر و رۆژنامەوانانی لە شوێنەكە گرتووە و رێگری لەوان كردووە وێنەی پرۆسەی گواستنەوەی سندووقەكان بۆ ناو بنكەكە كردووە و دەستدرێژی كردووەتە سەریان و هەڕەشەی لێ كردوون. 

ئەوە لەوكاتەی كۆمسیۆن رای گەیاند كە ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان تەنیا بۆ 140 وێستگەی هەڵبژاردن دەكات و ئەستەمە بتوانرێ ژماردنەوەی بەدەست بۆ تەواوی وێستگەكانی دەنگدان بكرێت، كە كۆی وێستگەكان 3688 وێستگەیە و بڕیارە پرۆسەكە لە ماوەی هەفتەیەك كۆتایی بێت، لە ماوەی نۆ رۆژیش ئەنجامی كۆتایی دەنگدان دێتە راگەیاندن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل