توێژە جیاجیاكانی سۆران: بەهۆی پارتییەوە رۆژ دوای رۆژ پێگەی كوردستان بەهێزتر دەبێت

:: PM:08:49:13/10/2021 ‌

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی پێشەنگی هەموو حزبە سیاسییەكان بگرێ و سەركەوتنێكی  گەورە بەدەست بێنێت و  34 كورسی مسۆگەر بكات، بە گوتەی توێژە جیاجیاكانی كوردستان ئەو دەستكەوتە مەزنەی پارتی چاوەڕوانكراو بوو، چونكە بە كردار سەلماندی هەموو هەوڵێكی بۆ دابینكردنی باشترین ئاستی بژێوی و خزمەتگوزارییە بۆ خەڵك.

بە قسەی شارەزا و توێژە جیاجیاكانی خەڵك ئەو سەركەوتنەی پارتی بەهۆی پێشكەیشكردنی خزمەتگوزاری زۆر و ئەدایەكی باشە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە كە لەلایەن پارتییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە هەمان كاتیش لە رێگەی حزبەوە خزمەت و رێزی زۆر لە كەسانی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و خاوەن شەهید و هاووڵاتی ئاسایی دەگرێت .

فەیسەڵ سادق، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و زیادبوونی ژمارەی كورسییەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو هۆكارگەلێكی هەن، لەوانە تێگەیشتن و شارەزایی  لە تەكنیكی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كاندیدەكانی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن و زانینی هێزی جەماوەری خۆی لەهەر بازنەیەكدا .
پارتی بەرنامەیەكی گشتگیری هەڵگرتووە و دابەشكاریی كوردستان رەت دەكاتەوە
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە چەسپاو و نەگۆڕاوانەی سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی كورد لە بەغدا، كە ئەمەیش زیاتر جێگەی متمانەی هاوڵاتییانە .

"پارتی بەرنامەیەكی گشتگیری كوردستانی هەڵگرتووە و هەر دابەشكارییەكی كوردستان رەت دەكاتەوە، ئەمەیش وای كردووە كە پێگەی پارتی لەناو جەماوەر بەهێز بكات و بتوانێت 34 كورسی مسۆگەر بكات، لەم سۆنگەیەوە سۆرانیش بەدەر نییە لە تەواوی كوردستان، دەكرێ بڵێین ئەدای حكوومەت رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر متمانەی خەڵك هەبووبێت، بێگومان بەدەستهێنانی هەر چوار كورسییەكەی بازنەی یەكی هەولێر لایەنێكی تری ئەوە  بوو كە جەماوەری پارتی تا رادەیەك پابەندی ئەو دابەشكارییە ناوچەییە بوون، كە بۆ كاندیدەكان دیاری كرابوو"، فەیسەڵ سادق وای گوت .

ئاواز شێرزاد، كچە چالاكێكی ئیدارەی سۆرانە بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی رابردووی پەرلەمانتارەكانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلی كورد و بوونی  متمانەیەكی بەهێزی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە پارتی، هەروەها  لەم كابینەی حكوومەتیش، كەوا  پارتی ‌سەركردایەتی دەكات، گرنگییەكی زیاتری بە چاكسازی و ریشەكێشكردی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی بەرچاو كە ئەمانە كۆڵەكەی دروستبوونی متمانەی راستەقینەن بە دەسەڵات، پارتی لەمەدا پشكی شێری بەر كەوتووە و توانیویەتی جێپەنجەی دیار بێت و جەماوەرێكی زیاتر بۆ خۆی  رابكێشێت .

ئاواز پێی وایە خەڵكی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە سەرخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان و رابردوویش شاهێدە، بە ئیدارەكردنی سۆران و پێشكەیشكردنی چەندان خزمەتگوزاری، بەتایبەت رێگەوبان هۆكارێكی تری زیاتربوونی دەنگەكانی پارتی بوو لەم سنوورەدا، هەرچی پێوەندی بە سەركردایەتی لقی 10 هەیە، لە زیادكردنی كورسییەكانی پارتی لەم سنوورەدا، داڕشتنی پلانێكی بەهێز و دابەشكارییەكی راستەقینە، بەشێوەیەك بتوانرێت هەرچوار كاندیدانی بازنەی یەك تێیدا سەركەوتوبن.

لای خۆیەوە سدقی مەحموود، شارەزای سیاسی لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، راستە گرفت هەیە، گلەیی زۆرە، خەڵك تێبینی هەیە، بەڵام گرنگی هەڵبژاردنەكە و چارەنووسسازییەكەی وای كردووە جیاواز دەربكەوێت، ئەم هەڵبژاردنە كێبڕكێیە لەگەڵ ئەوانەی خوازیاری لاوازیی قەوارەی سیاسی كوردستانن، ئەمەیش بۆ خەڵكی دڵسۆز و بەشێكی زۆری ناسیونالیستی كوردی، بووەتە جێگەی تێڕامان و ئامادەیی ئەوەیان هەیە بكەونە كێبڕكێی ئەو هێز و گرووپانە، دیارە لەم ڕوانگەیەی سەرەوەیش كاتێك باس لە یاساپارێزی و مافی نەتەوەیی و دەستوور كرا، بێگومان پارتی دەبێتە هێزی خوازراوی خەڵكی كوردستان، چونكە هەمیشە بەهۆی ئەم پارتەوە توانراوە لە هەر قۆناغێكدا بەشێك لە داخوازییە نەتەوەییەكان بەدەست بێن.

ئاشكرای كرد، خەڵكی دەنگدەری كوردی ماوەیەكی زۆرە بەدەست بێ بەڵێنی كاندید و حزبە كوردییەكان گیرۆدە بووە، بۆیە هەمیشە دەیەوێ باشترینیان هەڵبژێرێت، لەناو ئەوانیش پارتی بە شایەنی دەنگدان دەزانێ و زۆر هۆكار دێنێتە بەرچاوی خۆی لەكاتی دەنگدان، وەك هەوڵدان بۆ چاكسازی، ئاوەدانكردنەوە، لە هەموی گرنگتر بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی كوردستانە، كە هەموومان دەبینین لەسەر دەستی پارتی رۆژ دوای رۆژ پێگەی كوردستان بەهێز دەبێت.

"بەشێك لە سەركەوتنی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خاوەنی كۆمەڵێك كاندیدی شایستە و خاوەن كەسایەتی دیاری بازنەی هەڵبژاردنەكانی خۆیان بوونە و دەنگدەر باوەڕی پێیان هەبووە، بۆیە توانی كورسییەكانی بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بكاتەوە و لایەنەكان تووشی شۆك بكات"، ئەو شارەزایە سیاسییە وای گوت.

10ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان توانی پارێزگاری لە پێشەنگیی خۆی لەسەر ئاستی حزبەكانی كوردستان لە بەغدا بكات، كاتێك تا ئێستە توانیویەتی 34 كورسی پەرلەمان بەدەست بێنێت.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل