له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی په‌رله‌مانی عێراق، له سه‌روبه‌ندی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان و ده‌ركه‌وتنی نه‌خشه‌ی سیاسی حوكمڕانی له عێراق، گفتوگۆ و ناكۆكی و جیاوازی له‌سه‌ر چه‌مكی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی نێو په‌رله‌مانی عێراق دروست ده‌بێت، ئه‌مجاره‌یش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌مان سیناریۆ دووباره ببێته‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یش هه‌یه كه وه‌ك 2010 و 2014 و 2018 براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن له وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت دوور بخرێته‌وه، به‌هۆی ته‌فسیركردنی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌لایه‌ن دادگه‌ی ده‌ستوورییه‌وه، به‌وه‌ی كه ئه‌و فراكسیۆنه‌ی زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی هه‌بێت، نه‌ك ئه‌و لیسته‌ی كه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌بێت.
به گوێره‌ی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته كه یه‌كشه‌می ڕابردوو ئه‌نجام درا، قه‌واره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه و توانیویه‌تی زۆرترین كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بباته‌وه.
له ماده‌ی 76ی به‌ندی یه‌كه‌می ده‌ستووری عێراق هاتووه "سه‌ركۆمار كاندیدی ئه‌و فراكسیۆنه‌ی په‌رله‌مان كه زۆرترین كورسی هه‌یه ڕاده‌سپێرێ بۆ پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له ماوه‌ی 15 ڕۆژ له ڕێككه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار له په‌رله‌مانه‌وه". سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له 25ی ئادار/مارسی 2010 دادگه‌ی ده‌ستووری شرۆڤه‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ی كرد و وا لێكی دایه‌وه، كه مه‌به‌ست لێی ئه‌و فراكسیۆنه‌یه كه زۆرترین كورسی هه‌یه، واته له دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ر فراكسیۆنێك كورسی كه‌میشی هێنا بێ، بتوانێ له‌گه‌ڵ چه‌ندان فراكسیۆنی تر یه‌كبگرێ و هاوپه‌یمانی دروست بكا و ژماره‌ی كورسییه‌كانی ببێته زۆرینه، ئه‌وا مافی ئه‌و فراكسیۆنه ده‌بێ، كه كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌ت پێشكه‌ش بكات.
له ئه‌نجامی ئه‌و شرۆڤه‌یه‌ی دادگه‌ی ده‌ستووری عێراق له 2010ه‌وه براوه‌كانی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له پێكهێنانی حكوومه‌ت دوور ده‌خرێنه‌وه، كه یه‌كه‌مجار ئه‌و گورزه به‌ر ئه‌یاد عه‌لاوی كه‌وت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ڕێی هاوپه‌یمانی عێراقییه توانی 91 كورسی په‌رله‌مان بباته‌وه، به‌ڵام دوای ئه‌و بڕیاره‌ی دادگه‌ی ده‌ستووری، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی كه 89 كورسی بردبووه‌وه، توانی له‌گه‌ڵ چه‌ند فراكسیۆنێكی تر یه‌ك بگرێ و ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ زیاتر له 100 كورسی به‌رز بووه‌وه، بۆیه سه‌ركۆمار مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ڕاسپارد.
سه‌ره‌ڕای كارابوونی ئه‌و شرۆڤه‌یه‌ی دادگه‌ی
ده‌ستووری عێراق، به‌ڵام له یاسای هه‌ڵبژاردنی ژماره نۆی ساڵی 2020ی عێراق له ماده‌ی 45ی یاساكه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگری له په‌رله‌مانتار و حزب و قه‌واره‌كانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردن ده‌كات، سه‌نگه‌ر و به‌ره‌ی خۆیان بگوێزنه‌وه و بچنه نێو فراكسیۆن و قه‌واره‌ی تر، ئه‌م كاره ته‌نیا ئه‌و كاته ڕێگه پێدراوه، كه حكوومه‌تی نوێ پێكهێنرا و متمانه‌ی له په‌رله‌مان پێ به‌خشرا. به گوێره‌ی حوكمی ئه‌و یاسایه بێ، ئه‌وا ڕه‌وتی سه‌در له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت كاندید پێشكه‌ش بكات و سه‌ركۆمار ڕایسپێرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا بۆچوونی تریش له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌ن، كه بیانووی ئه‌وه ده‌هێننه‌وه حوكمی ده‌ستوور له یاسا به‌هێزتره، بۆیه سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و ماده‌یه له نێو یاسای هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ده‌ستوور باوكی یاساكانه و ئه‌گه‌ری هه‌یه، كه سیناریۆی 2010 و 2014 و 2018 دووباره ببێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سێ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو به هاوشێوه‌ی یه‌كتر هه‌ژمار ده‌كرێن، كه له 2010 و 2014 و 2018 ئه‌نجام درا، به‌ڵام له ورده‌كاریدا سیناریۆی پێكهێنانی حكوومه‌ت له 2014 و 2018 به ته‌واوی جیاواز بوو له‌وانه‌ی پێشخۆی، چونكه هیچ لایه‌نێكی شیعه به ته‌نیا كاندیدی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت پێشكه‌ش نه‌كرد، به‌ڵكو هه‌مووان له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش ڕێككه‌وتن.
د.محه‌مه‌د نه‌عناع شاره‌زای سیاسی له‌وباره‌وه گوتی، شیعه‌كان بۆ خۆلادان له شرۆڤه ده‌ستوورییه‌كه‌ی 2010، له 2014 و 2018 په‌نایان بۆ كاندیدی سازان و هاوبه‌شی هه‌مووان برد، كه یه‌كه‌مجار حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ك كاندیدی سازان و هاوبه‌شی هه‌مووان، دووه‌مجاریش عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و چانسه‌یان پێ درا، دواتر كازمیش به‌هه‌مان شێواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرا.
زیاتر گوتی، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانیوه نزیك بێته‌وه له بردنه‌وه‌ی نیوه‌ی كورسییه‌كان، بۆیه پێشبینی ده‌كرێ سیناریۆی 2010 دووباره ببێته‌وه، چونكه قه‌واره‌كانی شیعه ناكۆكی و گرژی زۆر له نێوانیان هه‌یه و ئه‌سته‌مه به‌یه‌كه‌وه بگه‌ن به ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێكی بێلایه‌ن و هاوبه‌ش كه نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌میان بكات، بۆیه هه‌ردوو به‌ره‌ی شیعه هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین كورسی و ده‌نگی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن حكوومه‌ت پێكبهێنن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، له هه‌موو حاڵه‌تێك چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ڕاسپێردرێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی له دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و ڕازیكردنی فراكسیۆنه‌كانی تر بۆ پشتیوانیكردن له حكوومه‌ته‌كه و ده‌نگپێدانی، دواجار بڕیار ده‌دا كه براوه‌ی هه‌ڵبژاردن حكوومه‌ت پێكبهێنێت، یان فراكسیۆنێكی تر ڕاسپێردرێت.