توركیا ژمارەیەك سیخوڕی ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ رفاندنی پەناخوازێك گرت

:: AM:09:53:14/10/2021 ‌
بەرپرسێكی باڵای تەناهیی توركیا ئاشكرای كرد، لە هەڵمەتێكدا توانیویانە دوو ئێرانی و توركێك بگرن كە بە هاوكاری چەند كەسێكی تر، ویستوویانە بەرپرسێكی پێشووی سەربازیی ئێران لە توركیا بڕفێنن.

بەرپرسە سەربازییەكەی پێشووی ئێران لە وان دەژیت و داوای پەنابەریی كردووە. دەزگای هەواڵگری و میت و پۆلیسی نیشتمانیی توركیا لەو هەڵمەتەدا بەشدار بوون. بەگوێرەی رادیۆ فەردا، سەرچاوەكە باسی لە ناسنامەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی پێشووی ئێران نەكرد كە ویستوویانە بیڕفێنن.

ئێران و توركیا لە رووی ئابووری و بازرگانی پێوەندییان پتەوە، بەڵام ناوەناوە لەسەر ناكۆكییەكانی ناوچەكە و هەوڵدان بۆ رفاندنی پەنابەران تووشی ناكۆكی بوون.
رۆڵی هەبووە لە تیرۆركردنی ئەندامێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران.

توركیا پێش نەورۆزی ئەمساڵیش، كارمەندێكی كونسوڵگەی ئێرانی لە ئیستانبوڵ گرت كە رۆڵی هەبووە لە تیرۆركردنی ئەندامێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران.

 لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا كۆمەڵیك دژبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە توركیا و وڵاتانی تری دراوسێی ئێران، رفێنراون و بۆ ئێران گواستراونەتەوە.

ساڵی رابردوو حەبیبوڵا فەرەج ناسراو بە حەبیب ئەسوەد كە رێبەری پێشووی گرووپی ئەلئەحواز بوو، لە توركیا رفێنرا و گواسترایەوە ئێران.

رۆحوڵا زەم كە رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری كەناڵی تیلیگرامی ئامەد نیوز بوو و لە فڕەنسا دەژیا، دوو ساڵ لەمەوبەر دوای گەشتێكی بۆ عێراق رفێنرا، گواستراویەوە ئێران و پاشان لە سێدارە درا.

ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامان و سەركردەكانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تیرۆر كردووە


ئێران لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامان و سەركردەكانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تیرۆر كردووە. دواین حاڵەت تیرۆركردنی مووسا باباخانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموكراتی كوردستان لە هوتێلێكی هەولێر بوو.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئێران لە چوار دەیەی رابردوو، تیرۆر و رفاندن و تۆقاندن بووە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، نەیارەكانی خۆی تیرۆر كردووە یان رفاندووە، ئەمەش حكوومەتی ئەو وڵاتەی لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر تەریك خستووە.



وشە - سلێمان تاشان