حزبەكانی رۆژهەڵات دڵخۆشن بە سەركەوتنی كورد لەم هەڵبژاردنە و داوای یەكڕیزی دەكەن

:: PM:03:21:14/10/2021 ‌
حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان باس لەوە دەكەن، زیادبوونی كورسییەكانی كورد لەم خولەی هەڵبژاردندا، كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگە و هێزی كورد لە بەغدا، بە مەرجێك هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكڕیز ببن. هاوكات باس لەوە دەكەن زیادبوونی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەدا، بۆ خزمەتكردن و چاكسازی و كاری باش دەگەڕێتەوە و پێیان وایە پارتی توانیویەتی متمانەی هاووڵاتییان بە دەست بهێنێت .

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان، هەمیشە كاری بۆ بەهێزكردنی كوردستان كردووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەگەڵ وڵاتانی زلهێز، پێوەندییەكانی باش كردووە و هەولێر وەك ناوەندێكی سەرەكی بۆ بەرەوپێشچوونی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان رۆڵی هەبووە.


حەسەن قادر زادە ئەندامی دەفتەی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو هەڵبژاردنەی ئەمجارە پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر دەكات، ئەگەر كوردەكانی هەرێمی كوردستان، پێكەوە كار بكەن و هاوهەڵوێست و یەكدەنگ بن، ئەمجارە دەتوانن بە شێوازێكی نوێ بچنە بەغدا و داوای مافە رەواكانی كورد بكەن، بەتایبەت پرسی پێشمەرگە و بودجە و ناوچە كێشە لەسەرەكان.

ئەمە لەسەر ئەو بنەما بووە كە پارتی توانیویەتی خزمەتی خەڵك بكات


ئەوەشی گوت، ئێستە پارتی وەك لایەنێكی سیاسی ژمارەی كورسییەكانی بەراورد بە رابردوو زیادی كردووە، پارتی هێزی سەرەكیی هەرێمی كوردستانە و بەشی زۆری داودەزگانی حكوومەت لە دەست ئەو حزبەدایە، زیادبوونی كورسییەكانی زۆر باشە، ئەمە لەسەر ئەو بنەما بووە كە پارتی توانیویەتی خزمەتی خەڵك بكات، ئەمەش وا دەكات كە فشار لەسەر نەیارانی كورد زیاتر بێت و ناتوانن وەك رابردوو ئەوەی بیانەوێ بەرانبەر بە كورد و كوردستان بیكەن.

پارتی بەو بەڵێنەی كە بە هاووڵاتییانی دا لە خزمەتگوزاری، ئاوەدانكردنەوە، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە دووردەستەكان، هەروەها كاركردن بۆ بەهێزبوونەوەی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە هەموو گرنگتر دەستبردن بۆ مووچەی پلەباڵاكان و كەمكردنەوەی مووچەكانیان و بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەكان، بەلای هاووڵاتییانەوە هەنگاوێكی گرنگ بوو و پێشوازییان لێ كرد، ئەمانە هۆكاری ئەوە بوون كە هاووڵاتییان متمانەیان بە پارتی دا و ژمارەی كورسییەكانی زیادی كرد.

رۆستەم جەهانگیری بەرپرسی كۆمسیۆنی سەربازی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە "وشە"ی راگەیاند، هەرچەندە شێوازی ئەمجارە بازنەیی بوو، بەڵام توانییان پارێزگاری لە كورسییەكانیان بكەن و بگرە زیادیشی بكەن، بەو هۆیەوە لە خولی داهاتوو پێگەی كورد بەهێزتر دەبێ بە مەرجێك، پێكەوە بەرگری لە مافی گەلی كورد بكەن.
داڕشتن و سیاسەتەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەو حزبە، كاریگەری زۆر باشیان هەبووە

زیاتر گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی كاریگەر، توانی ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات، ئەمە مافی خۆیان بوو، نیشانەی ئەوەیە كە سیاسەتی پارتی ئەو سیاسەتەیە كە خەڵكی كوردستان دەیەوێت. "پێمان وایە داڕشتن و سیاسەتەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەو حزبە، كاریگەری زۆر باشیان هەبووە لەوەی خەڵك متمانەیان پێ بدات، گەلی كورد ئەو سیاسەتەی پارتی دەوێت، داواش دەكەن لەسەری بەردەوام بن و بەرەوپێش بڕۆن."


عەبدوڵا ئازەربار ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵەی  زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، بە "وشە"ی راگەیاند، كورد لەو هەڵبژاردنەدا توانی سەركەوتن بە دەست بهێنێت و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو زیادیشی بكات، ئەمەش بۆ پێگەی كورد گرنگە و مایەی دڵخۆشییە كە هاووڵاتییان رێیان نەدا كورد پێگەی لاواز بێت.
پارتی حزبێكە كاریگەری لەسەر دەوروبەرەكەشی هەبووە و نموونەیەكی جوانە

ئەو گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش ژمارەی كورسییەكانی زیاد بووە، ئەمە جێی دڵخۆشییە و ئەو ژمارە زۆرەی كورسییەكانی پارتی خاڵێكی بەهێزە، پارتی حزبێكە كاریگەری لەسەر دەوروبەرەكەشی هەبووە و نموونەیەكی جوانە بۆ لایەنەكانی تریش.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی10ی ئەم مانگە بۆ پەرلەمانی عێراق توانی ژمارەی كورسییەكانی لە 25 كورسییەوە بۆ 33 كورسی زیاد بكات و بەوەیش وەك هێزی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پێگەی خۆی بەهێزتر كرد، هۆكاری زیادبوونی كورسییەكانیش بە رای چاودێران و شارەزایان كاری باش و خزمەت و چاكسازی و كاركردن بۆ بەهێزی هەرێمی كوردستانە.

رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 33 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و سەرووی 70 كورسیی مسۆگەر كرد.
نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.

هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سلێمان تاشان