پرۆسه‌ی ژماردنی ده‌نگی ئه‌و وێستگانه‌ی كه هه‌ژمار نه‌كراون به‌رده‌وامی هه‌یه و بڕیاره تا یه‌كشه‌می داهاتوو به‌رده‌وامی هه‌بێت، بڕیاریشه كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق به فه‌رمی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه ڕابگه‌یه‌نرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرای كرد، كه پرۆسه‌ی ژماردنی ده‌نگه‌كان له‌و وێستگانه‌ی كه ماون به‌رده‌وامی هه‌یه و پێشبینی ده‌كرێ تا ڕۆژی یه‌كشه‌می داهاتوویش به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن تا كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو ڕاناگه‌یه‌نرێت و پێشبینی ده‌كرێ جیاوازی ئه‌نجامی به‌رایی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی كۆتایی پێنج تا شه‌ش كورسی بن، له لیسته به‌شدار و براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌م یان زیاد بكه‌ن و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له ئه‌نجامه‌كه دروست نابێت، جیا له‌وه‌یش به‌شێك له كاندیده‌كان كه سه‌ركه‌وتنی خۆیان ڕاگه‌یاندووه، پاش تۆماركردنی ده‌نگی وێستگه نهژمێردراوهكان، ڕوونبووه‌ته‌وه كه نه‌یانتوانیوه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح كه هاوپه‌یمانی حه‌شدی شه‌عبی ناسراوه، ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر ئه‌نجامه‌كان ده‌رده‌بڕێ و به توندی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌شێك له‌و كاندیدانهیشی كه پێشتر سه‌ركه‌وتنی خۆیان ڕاگه‌یاندبوو، ده‌ركه‌وتووه كه تووشی شكستبوون و نه‌یانتوانیوه بگه‌نه په‌رله‌مانه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سه‌رجه‌م سندووقه‌كانی ده‌نگدانی ئه‌و وێستگانه‌ی كه نه‌ژمێردراون له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدان و هێزه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تیش هه‌موو هاتوچۆیهكیان بۆ ناوچه‌ی سه‌وز قه‌ده‌غه كردووه، له ترسی ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ڵبژاردنی پێشوو هه‌وڵی سووتاندنی كۆگه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی سندووقی ده‌نگدان بدرێ، یان میلیشیاكان هه‌وڵی په‌لاماردانی شوێنه‌كه بده‌ن.