سەدر هەڵوێستی خۆی و حكوومەتەكەی بەرانبەر بە ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

:: PM:06:58:16/10/2021 ‌

دوای بردنەوەی لیستەكەی بە 70 كورسی پەرلەمانی و بوونی بە فراكسیۆنی گەورە، كە توانای دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقی دەبێت، موقتەدا سەدر چەند خاڵێك لەبارەی پێوەندی خۆی و حكوومەتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا دیاری دەكات و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ئەمەریكا وەك دەوڵەتێكی سەروەری تەواو مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات.

ئەمڕۆ شەموو سەدر لە تویتێكدا چەند خاڵێكی روون كردووەتەوە و نووسیویەتی، پێویستە ئەمەریكا لە رووی دیپلۆماسی و هەموو بوارەكاندا، وەك دەوڵەتێكی سەروەری تەواو مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات، لەبارەی مانەوەی هێزە سەربازی و فڕۆكە و كەشتییە سەربازییەكان و دەستوەردانەكانی، دەبێت گفتوگۆیەكی رژد لەگەڵ عێراقدا بكات.
پێویستە شۆڕشی جەماوەری و خۆپێشاندانەكان لە كاریگەریی دەرەكییەوە دوور بن
روونی كردەوە، شۆڕشی جەماوەری و خۆپێشاندانەكان، بابەتێكی ناوخۆییە و پێوەندی بە ئەمەریكاوە نییە، پێویستە ئەوانە لە كاریگەریی دەرەكییەوە دوور بن، جیا لەوە عێراق وەك زەوی و ئاسمان و دەریا و گەل لە ناكۆكییە ناوچەییەكانی بەدوور بێت، ئەوەیش لە هەمووان قبووڵ ناكەین.

سەدر دووپاتی كردەوە، ئێمە عێراقین لایەنگری رۆژهەڵات و رۆژئاوا ناكەین و دەمانەوێ ئاشتیانە بژین، بۆیە هەر شتێك دژی ئەوە بێت رووبەڕووی دەبینەوە، لە رووی ئابووری و بواری تریشەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمەریكا دەكەین، ئەگەر ئەوانەی سەرەوە جێبەجێ بكرێت، ئەگینا ناكەوینە ژێر باری گوشار و لاگیرییەوە.

"لە حاڵەتی ئەوانەی سەرەوە نەهاتنە دی، مانای وایە ئەمەریكا دەوڵەتێكی نەیارە بۆ عێراق و سەربەخۆیی و سەروەری و سەقامگیریی عێراقی ناوێت، چونكە وەك چۆن حەوزە و ئیستیعمار دژ بەیەكن و كۆ نابنەوە، عێراق و داگیركاری دوژمنی یەكن و ئەوانیش كۆ نابنەوە"، موقتەدا سەدر وای گوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل