800 چەکداری پەکەکە هاتوونەتە ریزەکانی پێشمەرگە

:: PM:12:00:19/10/2021 ‌
بەھۆی شکستی پەکەکە بە تایبەتی لە هەڵبژاردن، چ لایەنگرانیان و چ چەکدارەکانی پەکەکە داوا دەکەن، بێنە ریزی هێزەکانی پێشمەرگە، بەرپرسێکی پێشمەرگەش ئاماژە بەوە دەکات زیاتر لە 800 کەس ناونووسیان کردووە.

قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال بۆ "وشە" گوتی، متمانەی چەکدارەکانی پەکەکە بە پارتەکەیان لە کەمبوونەوەدایە و هۆکارەکەشی ئەوەیە، بۆیان دەرکەوتووە پەکەکە دژی خەڵکی شنگال بووە و ئێزدییەکانی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکار هێناوە، ئەمە وایکردووە بێنە ریزەکانی پێشمەرگە.

مەرج نییە هەموویان بکرێنە پێشمەرگە


ئەو ئاماژەی دا، "سەرووی 800  چەکداری پەکەکە پێوەندییان بە ھێزی پێشمەرگەوە کردووە و ئێمەش پێشوازیمان لێ کردوون و ناونووسمان کردوون و بۆ سەرووی خۆمان ناردووە، بڕیارە لە ریزەکانی پێشمەرگە خەبات بکەن هەر چەندە مەرج نییە هەموویان بکرێنە پێشمەرگە."

بەگوتەی شەشۆ، ئەوانەی لە ریزەکانی پەکەکەش ماون و تەنانەت ئەوانەش کە خەڵکی ئاسایی بوون و پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەبووە، داوا دەکەن بێنە ناو ریزەکانی پێشمەرگە.

وەک زیاتر خستیەڕوو،   پەکەکە لە شنگال بەتایبەت لەم ھەڵبژاردنە شکستێکی گەورەی خواردووە و خەڵکیش ھیچ متمانەیەکیان بە ئەوان نەماوە، بۆیە دێن بۆ ناو ریزەکانی پێشمەرگە و لە پەکەکە جیا دەبنەوە.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان