یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده گه‌ورانه‌ی كه به‌رده‌وام كورد شانازی پێوه ده‌كات، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد تایه‌ر تۆفیقه و ئه‌مڕۆ ساڵڕۆژی كۆچی دوایی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه.
تایه‌ر تۆفیق كه زۆرتر له‌ناو كۆییه‌كان به خاڵه تایه‌ر ناسراوه، له‌وكاته‌ی كه پۆلی پێنجی سه‌ره‌تای بووه به‌هره‌ی هونه‌ری و گۆرانیبێژی لا ته‌قیوه‌ته‌وه و بهسرووبێژی ده‌ستی پێكردووه.
تایه‌ر توفیق ناوی ته‌واوی "تاهیر تۆفیق ئاوڕه‌حمان حه‌مه‌د شێخانی"ه. نازناوی ماڵباته‌كه‌ی "شێخانی"یه. ئه‌و كه له ساڵی 1922 له كۆیه هاتووه‌ته دنیا، له خێزانێكی هه‌ژار په‌روه‌رده كراوه و به گیانی نیشتمانپارێزی و كوردپه‌روه‌ری په‌روه‌رده كراوه. بۆیه له‌گه‌ڵ پێشڤه‌چوونی هونه‌ره‌كه‌ی زۆرترین شیعر و گۆرانی و كتێبی له‌وچوارچێوه‌یه‌دا بووه كه "گوڵی سه‌ربه‌ستی" دیارترین ئه‌و بهرههمانهیهتی.
خاڵه تایه‌ر له ساڵی 1945 بووه‌ته سه‌ر ده‌سته‌ی مه‌قامبێژانی سه‌ر شانۆی ئاھه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزی كورد
تایه‌ر تۆفیق له سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ریدا كه‌وتووه‌ته به‌ر كاریگه‌ریی گۆرانیبێژه لێهاتووه‌كانی كۆیه وه‌ك "سێوه و مه‌لا ئه‌سعه‌د"، سوودێكی زۆریشی له هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا وه‌رگرتووه، به‌ڵام هه‌ر زوو ویستوویه‌تی رێبازی دیار كراوی خۆی هه‌بێت.
خاڵه تایه‌ر له ساڵی 1945 بووه‌ته سه‌ر ده‌سته‌ی مه‌قامبێژانی سه‌ر شانۆی ئاھه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزی كورد و گه‌لێك گۆرانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی چڕیوه و گوێگرانی سه‌رسام كردووه، چونكه ھه‌م خاوه‌ن ده‌نگێكی زوڵاڵی دڵكێش بووه و ھه‌م باشترین ده‌قی شاعیره مه‌زنه‌كانی كوردی بۆ ئاوازه‌كانی ھه‌ڵبژاردووه.
ئه‌و له ماوه‌ی ژیانیدا شه‌ش نامیله‌كه و په‌رتووكی به‌و ده‌قه شیعریانه‌ی به گۆرانی گوتوونی به چاپ گه‌یاندووه و له ھه‌مویان باشترین په‌رتووكه‌كه‌ی "گوڵی سه‌ربه‌ستی"یه كه به پێشه‌كی كه‌ریم شاره‌زا له ساڵی 1983 به‌چاپی گه‌یاندووه.
له به‌رهه‌مه‌كانی تری ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه "كراس زه‌ردێ، شلێره وای شلێره، نه‌سرین ئه‌وڕۆ نه‌ورۆزه"یش هه‌ن.
هه‌رچه‌نده ته‌مه‌ن رێی نه‌دا زیاتر بژیت و خزمه‌تی هونه‌ر و مه‌قام بێژی بكات، به‌ڵام هێشتا گۆرانی و به‌رهه‌مه‌كانی له‌هزری هه‌ر كه‌سێكدا ماوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت زۆرێك له به‌رهه‌مه‌كانی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی دوای خۆی كراونه‌ته‌وه به گۆرانی. له ههرشوێنێكش ده‌نگت له مه‌قامێكی خاڵه تایه‌ر بێت سۆزی كوردایه‌تی و هونه‌ری ره‌سمی كوردی به‌لای خۆیدا رات ده‌كێشێ.
له 20ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1987، هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژی ناسراوی كورد تایه‌ر تۆفیق له ته‌مه‌نی /65/ ساڵی كۆچی دوای كرد و له كۆیه به خاك سپێردرا.
ساڵانه بهڕێورهسمی جۆراوجۆر له كۆیه، ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی دوایی تایه‌ر تۆفیق ده‌كرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ بڕیار درا ئه‌و كردنه‌وه‌ی ئه‌و یاده بۆ كاتێكی تر دوابخرێت و تیمی موزیكی باواجی كۆیه رێوره‌سمه‌كه ئه‌نجام ناده‌ن.
تایه‌ر تۆفیق شیعری شاعیرانی زۆری كردوه به گۆرانی، وه‌ك:
•له‌سه‌ر شه‌و و ڕۆژی داناوه له سه‌ر شیعری حاجی قادری كۆیی
•له‌باخان ئاھ و ناڵێن دێ له سه‌ر شیعری وه‌فایی
•شیرین به‌ھاره له سه‌ر شیعری ئیبراھیم ئه‌حمه‌د
•گولی سه‌ربه‌ستی له سه‌ر شیعری به‌ختیار زێوه‌ر
•بیست و حه‌وت ساڵه له سه‌ر شیعری فایه‌ق بێكه‌س
•تۆراوه دڵی من له‌سه‌ر شیعری بێخود
سه‌رنجتان بۆ ئه‌و ڤیدیۆیه راده‌كێشین كه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر "وشه" له‌سه‌ر ژیانی تایه‌ر تۆفیق هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژی ناسراوی كورد به‌رهه‌می هێناوه.