شیعە لە شەڕی ناوخۆییەوە نزیكن.. ئێران و مەرجەعیەت وریایان دەكەنەوە

:: PM:04:10:19/10/2021 ‌

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە 10ی ئەم مانگەدا ساز كرا جیاواز بوو و سوپرایزی گەورەی تیادا بوو، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعەدا، كە زۆرینەی لایەنە شیعەكانی تووشی شۆك كرد و تا ئێستە باوەڕ بە ئەنجامەكانی ناكەن، ئەو گۆڕانە كتوپڕەی هێزەیش بە ئاسانی هەرس ناكرێت، بۆیە میلیشیاكان كە ددانیان بە تەواوی سوپا و هێزەكانی دەوڵەت دانەدەنا، بوونەتە دوو بەشی نەیار و ئەگەر هەوڵی سازانیان سەرنەكەوێت، شەڕی ناوخۆیی نزیكە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی پرۆسەكە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هێزە شیعەكان كۆبووەوە، ژمارەیەك چاودێر و شارەزای سەر بە سوپای پاسدارانیش لە عێراقن بۆ رێكخستنەوەی ئەو دۆخەی بەهۆی هەڵبژاردنەكەوە دروست بوو و تیایدا لایەنگرانی ئێران تووشی شكستی گەورە هاتنەوە، ئێران دەیەوێ سازانێكی شیعە دروست بكات و لە شەڕی ناوخۆیی دووریان بخاتەوە، ئەوەیش لە رێگەی دابەشكردنی پۆستەكان حكوومەت بەوشێوەی هەمووان لێی رازی بن، یان ئەوەتا نووری مالیكی بە هاوشێوەی 2010 فراكسیۆنی گەورە پێك بێنێ و حكوومەت دروست بكات، یان دۆخەكە بەرەو دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بچێت، كە ئەگەرچی سەدر هەموویان رەت دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە بەناچاری بەوەی یەكەمیان رازی بێت.

لەلایەكی تر محەمەد رەزا سیستانی، كوڕی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی نەجەف، ئەویش هاتە سەر خەتی هێوركردنەوەی دۆخەكە و رێگرتن لە پەرەسەندنی بۆ شەڕێكی ناوخۆیی شیعە، كە ئەگەر رووبدات، ئەگەری هەیە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی شیعە لە عێراق لاواز ببێت، بەتایبەتی لاوازیی دەسەڵاتی حكوومەت لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و پارێزگا سوننەكان، كە ئەوەیش واتە كۆتاهاتنی قۆناغی دەسەڵاتی رەهای شیعە و ئێران لە عێراق، بۆیە لە بەرژەوەندی هیچ شیعەیەكدا نییە كار بگاتە ئەو ئاستە.
ململانێی شیعە-شیعە وێنەیەكی شكستی شیعە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێشان دەدات
كوڕەكەی سیستانی رێگە بۆ كۆبوونەوەیەكی سەرانی هێزە شیعەكان لە نەجەف خۆش دەكات، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران، ئەویەش بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی ناكۆكییەكان بەرەو شەڕێكی ناوخۆیی لە نێوان میلیشیاكانی ئێران و رەوتی سەدرەوە، سەرچاوەیەكی سیاسی دەڵێت، گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرانی ئەو هێزانە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە شێوازێكی قبووڵكراو كە رێگە بۆ سازكردنی كۆبوونەوەكەی نەجەف خۆش بكات، كە پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی رابردوو ساز بكرێ و رەنگە ببێتە یەكەم كۆبوونەوەی راستەوخۆی نووری مالیكی و موقتەدا سەدر لە ماوەی چەند ساڵێكدا. 

بەپێی سەرچاوەكان هەموو لایەنە شیعەكان پەیامێكیان لە كوڕی سیستانییەوە بەدەست گەیشتووە، لە چوونی وڵات بۆ ناو دۆخێكی نادیار ئاگەداری كردوونەتەوە، بەوەی هەر ململانێیەكی شیعە-شیعە، ئەگەرچی تا ئێستە سیاسییە، نموونەی شكستی شیعە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێشان دەدات، كەسانی نزیك لە كوڕەكەی سیستانی ئاماژە دەكەن كە سیستانی مەترسی هەیە لەوەی بەردەوامی ململانێی شیعە وا بكات كورد و سوننە داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەن، كە ئەگەرچی مستەفا كازمی، بژارەیەكی گونجاوی سەدرییەكان و مەرجەعیەتە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات وەك سەرۆك وەزیران، بەڵام لەلایەن فەتح و دەوڵەتی یاساوە رەت دەكرێتەوە، وەك چۆن سەدرییەكان نووری مالیكی، كاندیدی دەوڵەتی یاسا و فەتح رەت دەكەنەوە.    

رەشا عەزاوی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، مەبەستی كۆبوونەوەكەی نەجەف هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكە و رێگرتنە لە شەڕێكی ناوخۆیی، نەوەك راگەیاندنی هاوپەیمانیەتی، بۆیە ئەگەرێكی دوورە هەوڵی لێكنزیككردنەوەی سەدر و مالیكی بدات بۆ سازان لەسەر حكوومەتێكی قبووڵكراو لەلایەن هەردوولا، بۆیە مەبەستی سەرەكی داخستنی رێگایە لەبەردەم هەر شەڕێكی ناوخۆیی شیعە، بەڵام رێژەی سەركەوتنی كۆبوونەوەكە ئەوەندە بەرز نییە. 

گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت چاوەڕوانی رێككەوتنی ناو ماڵی شیعە دەكەن، كە پێ ناچێت بەم نزیكانە چارەسەر ببێت، چونكە سەدرییەكان دەرگەیان بە رووی دەوڵەتی یاسا و فەتح داخستووە و باسی كورد و سوننە دەكەن، لایەنەكی تریش بە هەمان شێوە، بۆیە لە سایەی ئەو ناكۆكییەی هەیە، زەحمەتە كورد و سوننە خۆیان یەكلا بكەنەوە و رەنگە داواكاری و مەرجەكانیان زیاتر بكەن، ئەوەیش لە بەرژەوەندی شیعەدا نییە.

مەشعان جبووری، سیاسەتوانی سوننەی براوە لە هەڵبژاردنەكە دەڵێت، ئێران رۆڵێكی گەورە لە دروستبوونی هاوپەیمانیەتییەكان و رێگرتن لە دوژمنەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەگێڕێت، چونكە دوای لەدەستدانی ئازەربایجان، ئێستە عێراق بووەتە تاكە سی ئێران هەناسەی پێ دەدات و تاكە شوێنە كە دراوی بیانی تیادا دەست دەكەوێت، بۆیە بۆ ئێران ئەنجامی هەڵبژاردن و حكوومەتی داهاتووی عێراق زۆر گرنگە، راستە نەیتوانی دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام دەیەوێ رۆڵی لە دروستبوونی هاوپەیمانیەتییەكان و سەلماندنی بوونی خۆی هەبێت. 

ئیبراهیم زوبێدی، نووسەری عێراقی دەڵێت، گرنگترین خوێندنەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق ئەوەیە كە سێ چواریەكی گەلی عێراق بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد، چواریەكی چوارەمیش دەنگی بە نەیارانی ئێران دا، ئەگەر هەڵبژاردنەكە دووبارەیش بكرێتەوە، بایكۆتكاران پاشگەز ببنەوە، تەواوی لایەنگرانی ئێران بە دەستبەتاڵی لێی دەچنە دەرەوە و گەورە و بچووكیان بەهۆی تاوانی 18 ساڵەیان لە زیندان دەبن، سەرەڕای كەمووكورتییەكانی هەڵبژاردنەكە، ئەو درۆیەی ئاشكرا كرد كە چەكی ئێران بۆ بەرگریكردن لە تایفەی شیعە و پاراستنی مافەكانی لە عێراقە، چونكە هەڕەشەی میلیشیاكان دەری دەخات ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن بە فەرمانی ویلایەتی فەقێكان، وڵات و خەڵكەكەی بسووتێنن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل