سەركردەیەكی شیعە باس سێ سیناریۆ بۆ دۆخی عێراق دەكات

:: PM:09:39:20/10/2021 ‌

دوێنێ شاندێكی باڵای رەوتی سەدر، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی عێراقە، سەردانی نووسینگەی عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەتی كرد، بڕیار بوو سەدر سەرۆكایەتی شاندەكە بكات، بەڵام ئامادە نەبوو، ئەویش حەكیمی بێزار كرد، سەرچاوەیەكی ئاگەدار باسی ناوڕۆكی كۆبوونەوەكە دەكات.

دوێنێ عەمار حەكیم لە نووسینگەكەی پێشوازی لە شاندی رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی حەسەن عەزاری كرد، بەپێی زانیارییەكانی بەر لە كۆبوونەوەكە دزەیان كردبوو، دەبوایە موقتەدا سەدر خۆی ئامادە بوایە، بەڵام ئامادە نەبووە، سەرچاوەیەك لە رەوتی حیكمە ئاشكرای كرد كە ئەو كارە بووەتە هۆی بێزاربوونی حەكیم، كە چاوەڕوان دەكرا گفتوگۆیەكی چڕ لەبارەی هەڵبژاردن و داهاتووی پرۆسەی سیاسی بكەن.
ئەگەری داخرانی سیاسی و پەرەسەندنی دۆخەكە هەیە
سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەو كۆبوونەوە لەسەر داوای رەوتی سەدر بووە و رێككەوتن كراوە كە هەردوو سەركردە ئامادەی ببن، بەڵام سەدر تەنیا لیژنەی دانوستانكاری رەوانە كردووە، ئەوەیش حەكیمی بێزار كردووە.

لای خۆیەوە رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیكمە گوتی، حەكیم لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ شاندی رەوتی سەدر چەند بابەتێكیان تاوتوێ كردووە، دیارترینیان سەدرییەكان پەیامێكی دڵنیاكەرەوەیان ئاراستەی ئەو لایەنانە كردووە كە ئەنجامەكان رەت دەكەنەوە، حەكیمیش پێی باش بووە، باسی ئەوەیش كراوە دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی تانەكان بكرێت، دوای ئەوە پێوەندی و هاوپەیمانیەتی ساز بكرێت.

روونی كردەوە، لەو كۆبوونەوەیە باسی سیناریۆكان كراوە، لەوانە گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ ناو ماڵی شیعە بۆ پێكهێنانی زۆرینەیەكی شیعە، دووەم دەستگرتنی رەوتی سەدر بە ئەنجامەكان و هاوپەیمانیكردن لەگەڵ ئەوانەی لە خواستەكانی ئەوەوە نزیكن، ئەو پێی وایە كە سێیەم سیناریۆ كە لە كۆبوونەوەكە بە ئاشكرا نەخراوەتە روو، بریتییە لە چوونە بە ئاراستەی داخرانی سیاسی و پەرەسەندن لە قۆناغی داهاتوودا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل