كه‌شناسی هه‌رێمى كوردستان.. لەم ناوچانه‌ باران دەبارێت

:: AM:11:41:22/10/2021 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوھەوای ئه‌مڕۆ و سبه‌ى بڵاو کردەوە و ڕاى گه‌یاندووه‌، "له‌ هه‌ولێر و دهۆك ئه‌گه‌رى بروسكه‌ و تاوه‌بارانێكى كورتخایه‌ن هه‌یه‌".

ئەمڕۆ هەینی 22ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یانراوێكدا ڕای گەیاندووه‌، ئه‌مڕۆ تا سبه‌ى ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت و سبه‌ى شه‌موو 23ى تشرینى یه‌كه‌م، لە کاتەکانی دوانیوەڕۆدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، ئەگەری بروسکە و تاوەبارانێکی پچڕی پچڕی کورت خایەن هەیە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باکوری هەرێمی کوردستان.
 
زیاتر هاتووه‌، "بەپێی پیشبینییەکان، پلەی گەرما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبێت، بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 28 پلە، سلێمانی 26 پلە، دهۆک 27 پلە، هەڵەبجە 28، کەرکووک 32 پلەیه‌."

هاوكات لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو كەمترین ڕێژەی باران بارین بریتی بووە لە ساڵی 2008 بۆ 2009 كە هەولێر 288 ملیم و سلێمانی 347 ملیم و دهۆك 430 ملیم بووە، هەروەها ساڵی 2017 بۆ 2018 بە درەنگترین ماوەی باران بارین دادەنرێت لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو كە لەڕێككەوتی 30 تشرینی یەكەم باران بارین دەستی پێ‌ كرد بۆیە پێشبینی دەكرێت بارانى ئەمساڵ نەگاتەوە بەو كاتە. 












وشە - محەمەد میران