كورد هەلێكی زێڕینی بۆ هاتووە.. سەرۆك بارزانی بە نیازی چییە؟

:: PM:05:06:23/10/2021 ‌

بەدرێژایی 18 ساڵی رابردووی عێراقی نوێی دوای 2003، كورد و سەركردایەتییە سیاسییەكەی رۆڵی سەرەكیان لە بنیاتنانی سیستمی فەرمانڕەوایەتی و پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەت و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق هەبووە، بەتایبەتی كارێزمایی سەرۆك بارزانی لە ساتە سەخت و تەنگژەكاندا بەجوانی رەنگی داوەتەوە و پەنای بۆ براوە، دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەلێكی زیڕین بۆ كورد هاتووەتە پێش بۆ یەكخستنی ناوماڵی كورد و زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانی، بەو مەرجەی هێزە كوردییەكان هاوئاواز لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بخوێنن و پێڕەوی سیاسەتە دانایانەكەی سەرۆك بارزانی بكەن.

لە 10ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەموو جارێك پێشەنگی ناو ماڵی كورد بوو، خاڵێكی گرنگی ئەو هەڵبژاردنە بۆ كورد پێشبینی لێكگەیشتنی هێزە و نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكرێت، كە رەنگە زیاتر لە هاوئاهەنگی و یەكدەنگییەوە نزیكتر بن، بە بەراورد بە خولی پێشوو، كە ئەوكات ژمارەیەك ئەندام بەرەیەكی نەیاریان بۆ بەرژەوەندییەكانی هەرێم و حكوومەت و گەلی كوردستان پێك هێنا و زانیاری ناڕاستیان دەدایە نەیارانی كورد، ئەوانیش دەیانكردە بەڵگە بۆ بێبەشكردنی كورد لە مافە دەستوورییەكانی، كە ئەوە نەما و زۆرینەیان دۆڕاندیان.

د. ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری براوە لەسەر بازنەی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە"، روونی كردەوە، ئەمڕۆ پارتی خاوەنی 33 كورسی پەرلەمانییە و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 16 كورسی بەدەست هێناوە، وەك پارتی هەوڵ دەدەین بە یەك دەنگ و یەك ریز بەرەو بەغدا بچین، كاتێك كورد 63 كورسی دەبێت، نەوەی نوێ خاوەنی نۆ كورسییە و خەریكی كۆبوونەوەیە لەگەڵ هەندێك لە كاندیدانی بێ لایەن و تشرینییەكان بۆ هاوپەیمانی، راستە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێمە جیاوازن، بەڵام بوونی كورد بەو ژمارە كورسییە بەیەك دەنگی لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و بەرگریكردن لە مافەكانی كورد و خەڵكی كوردستان زۆر گرنگە.
یەكهەڵوێستی كورد لە بەغدا بەو ژمارە كورسییەی بەدەستی هێناوە لە پێكهێنانی حكوومەت و بەرگریكردن لە مافەكانی زۆر گرنگە
زیاتر گوتی، بەگشتی یەكڕیزیی كورد لەو قۆناغە لە بەغدا گرنگییەكی گەروەی هەیە، وەك پارتی باوەڕمان بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەكانیتری عێراق هەیە، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە دەستی پێ ناكرێت تا لایەنە شیعەكان خۆیان یەكلا دەكەنەوە، وەك دەزانن ململانێ لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە سەرۆكایەتی دەوڵەتی یاسادا هەیە، بۆیە وا باشترە ئەوان خۆیان یەكلا بكەنەوە، دوای ئەوە كورد و سوننەیش گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی و پێكهێنانی حكوومەت بكەن، ئەگەرچی دۆخەكە ئاڵۆزە و تا پەسندكردنی فەرمیی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای باڵای فیدرالەوە یەكلا نابێتەوە.

شنگالی روونی كردەوە، بەدەر لەوە هەندێك جموجۆڵ هەیە، لەوانە زانیاری هەیە بەوەی لە نەجەف كۆبوونەوەیەكی لایەنە شیعەكان ساز بكرێ و چەند ناوێك وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بخەنە روو، لەوان نووری مالیكی و مستەفا كازمی و سەعد عیدانی و محەمەد شەیاع سوودانی و جەعفەر سەدر و حەسەن كەعبی و نەسار روبەیعی، ئەوانە زانیاری دزەپێكراوە و 100 راست نییە، وەك كورد هیچ بڕیارێك نادەین تا شیعە خۆیان یەكلا نەكەنەوە، پێم وایە لایەنە شیعەكان دوای راگەیاندنی ئەنجامی پەسندكراوی هەڵبژاردن، بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی تەوافوقی بە هاوشێوەی پێشوو بچن، هەرچی بێ لایەن و تشرینییەكان و نەوەی نوێیە، ئۆپۆزسیۆنێك لە 35 بۆ 40 كورسی پێك دێنن، ئەوەیش سەرەتایەكی باشە بۆ پرۆسەی سیاسی، كە ئۆپۆزسیۆنێك لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەبێت.

"بوونی هاوپەیمانی كوردستانی گرنگە بۆ لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانیش، خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق هەندێك حاڵەتی بەخۆیەوە بینی كە باش نەبوو، بۆ نموونە تەوافوق لەسەر پۆستی سەركۆماری عێراق نەبوو، كاتێك دوو كاندیدی پارتی و یەكێتی هەبوو، كە لایەنە شیعە و هەندێك لە سوننەكان پاڵپشتان لە كاندیدی یەكێتی كرد، بۆیە هەندێك كێشە لەنێوان كورد لە خولی چواری پەرلەماندا هەبوو، بەڵام بۆ ئەو خولە پارتی و لایەنەكانیتریش دووپات لەوە دەكەنەوە چۆن بە یەكریزی و یەك دەنگی بچن بۆ بەغدا و یەك كاندید بۆ پۆستی سەركۆمار هەبێت"، ماجد شنگالی وای گوت.

وەك هەموو جارێك لە بڕیار و ساتە چارەنووسسازەكانی كورد و كوردستان و عێراق رووەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی دەبن بۆ سوودبینین لە كاریزمایی و سەنگ و پێگە و داناییەكەی، ئەو كاندیدە براوەی پارتی ئاشكرای كرد، قسە هەیە بەوەی لە نزیكترین كاتدا سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكات و بگەن بە رێككەوتن بۆ یەكڕیزی و یەكبۆچوون لە بەغدا، كورد یەك پارچە بێت و 63 كورسی واتە نزیكەی 20%ی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك دێنن، ئەوەیش زۆر گرنگە بۆ كوردستان و هەموویان بەیەكەوە رۆڵی گەورەیان پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەبێت.

روونی كردەوە، وەك پارتی دووپات لە بوونی یەك دەنگی كورد لە بەغدا دەكەینەوە، نەك وەك ئەوەی لە 2018 رووی دا، كە ترازان لە هەڵوێستی كورد هەبوو، بۆیە ئەوجارە پارتی رژدە بەوەی كورد یەك گوتاری هەبێت و سەردانی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانی كردووە، وەك گوتم قسە هەیە بەوەی لە رۆژانی داهاتوو سەرۆك بارزانی چاوی بە سەرانی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكەوێت، بۆ لێكگەیشتن لەبارەی یەكهەڵوێستی كورد لە بەغدا لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆیە پێم وایە ئەوجارە هێزە كوردییەكان بە یەكهەڵوێست و دەنگ دەچن بۆ بەغدا و پۆستەكانیش لە كۆتادا قسەیان لەبارەوە دەكرێ و رۆڵی سەرەكیان لە سەرەتای گفتوگۆكاندا نابێت.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل