پەرلەمانتارێكی پێشوو: پارتی كاندیدی بۆ سەركۆمار هەیە

:: PM:09:30:23/10/2021 ‌

ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەركۆماری عێراق كە لە پشكی كوردە، چونكە تا ئێستە ئەنجامی كۆتایی پەسندكراوی هەڵبژاردن رانەكەیەندراوە و ناو ماڵی شیعە لە ناكۆكییەكی گەورەدان لەبارەی ئەو لایەنەی كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەیش دەكات، پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی ئاماژە دەكات كە حزبەكەی كاندیدی بۆ پۆستەكە هەیە.

مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پۆستی سەركۆمار بەشی كوردە، وەك چۆن سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەیە، روونی كردەوە، لێكگەیشتن و سازانی سیاسی لە نێوان حزبە كوردییەكان لەسەر كاندیدی سەركۆمار هەیە.
بڕیار دراوە بە پێكنەهێنانەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لەلایەن هەمان كەسانی پێشوو
زیاتر گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان حزبە كوردییەكان زیاترین كورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، ئەوەیش شایستەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری دەكات، بۆیە لێكگەیشتن لەبارەی ئەوەی پۆستەكە وەردەگرێت هەیە، بەڵام بڕیاری كۆتایی یەكلا نەبووەتەوە و رێككەوتنیش لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستەكە نییە، دووپاتیش كردەوە، پارتی چەند كاندیدێكی بۆ پۆستەكە هەیە. 

لای خۆیەوە هاشم كندی، شرۆڤەكاری نزیك لە هێزە شیعە دۆڕاوەكان، لە پرۆگرامێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، دەستەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیارێكی كۆتایی هەیە بە پێكنەهێنانەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لەلایەن هەمان كەسانی پێشوو، روونی كردەوە، مستەفا كازمی جموجۆڵی هەیە و كار بۆ گەڕانەوە دەكات، ئەوەیش شتێكی نوێ نییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل