درۆكانی شاسوار سوور دەبنەوە

:: AM:10:37:26/10/2021 ‌
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە درۆ و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك، هیچ نەماوە دەستی بۆ نەبات، بەڵام لە خەت گیرا و خەریكە درۆكانی بۆ خەڵك و لایەنگرەكانی خۆیشی سوور دەبنەوە.

لە نوێترین بەڵێنیدا شاسوار داوای كردبوو ئەگەر حكوومەت مۆڵەتی پێ بدات، بەنزین هاوردە دەكات و بە نرخێكی هەرزان دەیداتە هاووڵاتییان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاتە سەر خەت و ئامادەیی دەربڕی بۆ پێدانی مۆڵەت، تەنانەت پێیان گوت باج و رسووماتیشی لێ وەرناگرن، بەڵام شاسوار كشایەوە و ئامادە نەبوو بەڵێنی خۆی جێبەجێ بكات و درۆكەی سوور بووەوە.

نەك قازانج، بگرە هیچ زانیارییەكیش لەبارەی پڕۆژەكەوە ناداتە خاوەن پشكەكان


خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند لە ساڵی 2013ەوە چاوەڕێی ئەوەن شاسوار قازانجیان بەسەردا دابەش بكات، بەڵام نەك قازانج، بگرە هیچ زانیارییەكیش لەبارەی پڕۆژەكەوە ناداتە خاوەن پشكەكان، ئەگەرچی چەندان جار سكاڵایان تۆمار كردووە لەسەر شاسوار، بەڵام یەكلا نەبووەتەوە و بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش سكاڵای لەسەر خاوەن پشكەكان تۆمار كردووە.

نەژاد ساڵح خاوەن پشك بە "وشە"ی راگەیاند، خاوەن پشكەكان شاسوار دەناسن، ئەوە چەندان ساڵە وەك خاوەن پشك مافیان خوراوە و لەبارەی چاڤی لاند هیچ شتێك نازانن، ئەو پڕۆژەیە هەشت ساڵە كراوەتەوە، واتە لە ماوەی ئەو هەشت ساڵە هیچ سوودێكی نەبووە تا وەك قازانج بەسەر خاوەن پشكەكان دابەش بكرێت، نازانن هانا و هاوار بۆ كێ ببەن.

ئەوەشی گوت، "وامان بەسەر هاتووە ناتوانین بە ئازادیش باسی چاڤی لاند و ئەو ستەمە بكەین كە بەسەرمان هاتووە، خەڵك تیایەتی پارەی ماڵ و منداڵی هێنا و خستیە ئەو پڕۆژەوە بە ناوی پشك و قازانج، بەڵام هەروا رۆیشت، هەر كەس لە خاوەن پشك قسە بكات بە تۆمەتی ناوزڕاندن، شاسوار و دارودەستەكەی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن، خاوەن پشك مافی خوراوە، بەڵام هەر ئێمە باجەكەی دەدەین."

هاوكات یاسین جەلال خاوەن پشكێكی تر، بە "وشە"ی راگەیاند، پارەیەكی زۆرمان خستە پڕۆژەوە، ئەو هەموو خاوەن پشكە لە بانكی شیمال، زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلاریان دانا بۆ چاڤی لاند بە هیوای ئەوەی لە داهاتوو ببنە خاوەن پشكی راستەقینە و قازانج وەربگرن، بەڵام هیچ سوودێكیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە نەبینی.

وەك زیاتر خستیە ڕوو، "ئەو بەڵێنانەی شاسوار هەموو قسە و موزایەدەیە، فێڵكردن لە خاوەن پشك، خواردنی پارەی ئەو هەموو خەڵكە، ئامادە نییە نە پارەكانیان بداتەوە و نە قازانجیان بداتێ، لەولایشەوە هاتووە دەڵێت خزمەتی خەڵك دەكەین و خۆمان بە خزمەتكاری خەڵك دەزانین، هەموو لە پێناو هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە، پارە قەرزارە و دەڕوات ئاو دابەش دەكات و كەلوپەلی تەندروستی دابەش دەكات، ئەمانە هەموو بۆ چاوبەستی خەڵكە و دەیەوێت بە خەڵك بڵێت كە من ئیشكەرم و ئەوەی لەسەرم دەگوترێت راست نییە".

رۆشنا محەمەد خاوەن پشك دەڵێت، هیچ نەماوە نەیكەن و پەنای بۆ نەبەن، بەڵام هیچ سوودی نەبوو، نازانن كێ لە پشت شاسوارە، پەنا بۆ هەر شوێنێك دەبەن سوودی نابێت، خەڵك بەو قسانەی شاسوار هەڵناخەڵەتێت، چونكە خاوەن پشكەكان نموونەن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی ئەو كەسە چۆنە.

بەڵێنەكانی تەنیا بۆ چاوبەستنی خەڵكە


ئەو ئاماژەی دا، شاسوار كارێك ناكات كە زیان بكات، بەڵێنەكانی تەنیا بۆ چاوبەستنی خەڵكە، قەرزاری كارەبایە، قەرزاری حكوومەتە، قەرزاری خاوەن پشكە، ئەو هەموو قەرزەی لەسەرە، بەڵام بە هەندێ كاری بچووك دەیەوێ خۆی وا پێشان بدات كە ئەم خەڵكە لەگەڵ ئەو راستگۆ نین و ئەو راست دەكات.

پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند دەكەوێتە بناری شاخی گۆیژە لە شاری سلێمانی، لە سەر رووبەرێكی فراوان كە 750 هەزار مەتر دووجایە دروست كراوە و زیاتر لە نۆ هەزار پشك لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ قازانجێك دابەش نەكراوە و یەك جار بۆ هەر ملیۆنێك قازانج، 25 هەزار دیناری داوە و جارێكیش كارتی چوونە ژوورەوەی چاڤی لاندی دابەش كردووە.

وشە/هوشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان