ئێرانییە توندڕەوەكان لە هەواڵێكی بەكوردناساندنی بەهمەن قوبادی تووڕەن

:: PM:04:16:07/11/2021 ‌
ڕاجێر واتێرز موزیكزانی ناوداری دنیا، لە لاپەڕەكانی تۆڕه كۆمەڵایەتییەكانی خۆیدا، بەهمەن قوبادی بە هەڤاڵی خۆی و فیلمسازی گەورەی كورد ناو دەبات، بەڵام ئێرانییەكان پێیان ناخۆشە و بە كۆمێنتەكانیان هێرشی دەكەنە سەری و رەخنەی لێ دەگرن، پێیان ناخۆشە بە ئێرانی ناوی ناهێنێت، بەڵكو بە كورد ناوی دەبات.

ڕاجێر واتێرزRoger Waters  موزیكزان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیاری بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیكی هەرمانی پینك فلۆیدەPink Floyd، دوای ئەوە كە ترەیلەری فیلمی سینەمایی "چوار دیوار" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی بڵاو كرایەوە، لە وتارێكی كورتدا باسی قوبادی دەكات.

ئەو نووسیویەتی، "هەڤاڵی من بەهمەن قوبادی فیلمسازی گەورەی كورد، فیلمە نوێیەكەی بە ناوی "چوار دیوار" The Four Walls لە فێستیڤاڵی فیلمی تۆكیۆ نمایش كرد. من لە كاتی بڵاوبوونەوەی "ساتێك بۆ مەستی ئەسپەكان" لایەنگری بەگوڕوتینی بەهمەن بووم. شانازی دەكەم كە لەگەڵ "چوار دیوار" هاوكاریم كردووە."

دوای بڵاوبوونەوەی پۆستی ڕاجێر واتێرز لە لاپەڕە تایبەتییەكانی خۆیدا، ئێرانییە توندڕەوەكان بە نووسینی كۆمێنتەكانیان هێرشیان كردە سەری و پێیان گوت، ئەو فیلمسازە ئێرانییە نەك كورد.
 

بەهمەن قوبادی وەك فیلمسازی گەورەی كورد ناو دەبات


ئەوان گوتوویانە لە دوایین سەردانیدا كە بەهمەن قوبادی، موزیكزانەكەی بانگهێشت كرد بۆ هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر، دیارە كە ئەم سینەماكارە كوردە لە دەرەوەی وڵات خۆی بە كورد دەناسێنێت، لە دوایین پۆستی ڕاجێر واتێرزیش دەبینن كە لە لاپەڕەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئینستاگرام، فەیسبووك و تویتەر، بەهمەن قوبادی وەك فیلمسازی گەورەی كورد ناو دەبات، لە تەنیشتیدا هیچ وشەیەكی ئێرانی نانووسێت، ئەوە دەریدەخات كە قوبادی لەسەر كوردبوونی خۆی چەندە هەستیارە و پێداگریی لەسەر دەكات.

جێی باسە فیلمی سینەمایی "چوار دیوار"، لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی سینەماكاری ناوداری كوردە، لە بەرهەمهێنانی ڕاجێر واتێرز موزیكزانی ناوداری دنیایە و بەرهەمی بەریتانیایە، لە یەكەمین نمایشی خۆیدا لە ڕۆژی سێشەم دووی نۆڤەمبەری 2021 لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 34ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تۆكیۆ Tokyo لە ژاپۆن، چووە سەر پەردەی سینەما و لەلایەن بینەران، ڕەخنەگران و نووسەرانی سینەماییە‌وە پێشوازییەكی بێوێنەی لێ كرا.



وشە - سلێمان تاشان