چه‌ند ڕۆژێكه لایه‌نه‌كانی شیعه له دانوستاندن و گفتوگۆی چڕدان و ئێرانیش نێوه‌ندگیری له نێوان سه‌در و مالیكی ده‌كات و موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری ره‌وتی سه‌دریش دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، یان دووباره كازمی ببێته‌وه سه‌رۆكی حكوومه‌ت، یاخود ئه‌فسه‌رێكی باڵای سوپای عێراق ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌یش له لایه‌ن مالیكی و میلیشیاكان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه و ئێرانیش هه‌ردوولای هانداوه كه به‌ر له قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، پۆسته وه‌زارییه‌كان له نێوان خۆیان دابه‌ش بكه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش وه‌زاره‌تیان پێ ده‌درێ و پێویسته له ئێسته‌وه كاندیده‌كانی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی "
العرب"ی له‌نده‌نی ورده‌كاری گفتوگۆ و دانوستاندنی نهێنی نێوان لایه‌نه‌كانی شیعه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌ی سیاسی نێوانیان له دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه و له زاری سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كانی سه‌ره‌تاكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقی خستووه‌ته ڕوو، كه ئێسته له نێوان لایه‌نه‌كانی شیعه دانوستاندنی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
زۆرێك له شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان كه ئه‌و دۆخه‌ی دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ دروست بووه، به ته‌واوی هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی 2010، له‌و كاته‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی و هاوپه‌یمانی ئه‌لعێراقییه هه‌ڵبژاردنیان برده‌وه و دواتر ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسی قووڵ دروست بوو، تا دواجار دادگه‌ی ده‌ستووری دۆخه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نووری مالیكی و شوێنكه‌وتووانی ئێران یه‌كلایی كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته جیاوازه بریتییه له‌وه‌ی كه سه‌در هێز و جه‌ماوه‌رێكی گه‌وره‌ی له پشته و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر عه‌لاوی هێنرا، به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ناكات و ناشتوانرێ هه‌مان سیناریۆی به‌سه‌ردا دووباره بكرێته‌وه.
تا ئێسته سه‌در نه‌یتوانیوه به‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگكارانی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ببڕێت و لایه‌نێك یان دوان بخاته ڕیزی خۆیه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تیی شیعه بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێرانیش ئه‌وه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێت، بۆیه هه‌ردوولا بیر له بژاره‌ی سێیه‌م ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌یان به ته‌واوی ئێرانیش پشتیوانی ده‌كات، كه بریتییه له به‌شداربوونی هه‌ردوو به‌ره‌كه له حكوومه‌تی داهاتوو و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقیش به سازان و ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنی هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی شیعه.
له‌وباره‌و موقته‌دا سه‌در دووپاتی كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر، یان ئه‌فسه‌رێكی باڵای سوپای عێراق بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو یه‌كلایی بكرێته‌وه و نایانه‌وێ سه‌رۆكی حزبه سیاسییه‌كان ئه‌و پۆسته‌یان پێ بدرێ، به هه‌موو جۆرێكیش له حوكمی سه‌رده‌می كازمی ڕازین و به كه‌سێكی بێلایه‌ن و گونجاوی ده‌زانن تا له‌و قۆناغه‌یش سه‌ركردایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له عێراق بكات. واته بژاره‌ی یه‌كه‌می سه‌در بریتییه له مسته‌فا كازمی، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كازمی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانی ئێرانه‌وه، ئه‌وا ڕه‌وتی سه‌در له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره باڵاكانی سوپا و هێزه‌كانی ته‌ناهی عێراق بۆ ئه‌و پۆسته كاندید بكرێت، بژاره‌ی سێیه‌می سه‌درییه‌كانیش بریتییه له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونانه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران ڕه‌تكراوه‌ته‌وه، بۆیه تاران هانی هه‌ردوولای داوه، كه ئێسته باس له سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو نه‌كه‌ن و پۆسته وه‌زارییه‌كان له نێوانی خۆیان دابه‌ش بكه‌ن.
له‌باره‌ی خواستی لایه‌نگرانی ئێرانیش ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌وان پشتیوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه نووری مالیكی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی داهاتوو كاندید بكرێت، دوای ئه‌ویش هه‌ریه‌ك له قاسم ئه‌عره‌جی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئه‌سعه‌د عێدانی پارێزگاری پێشووی به‌سڕه و عه‌بدولحوسێن عه‌بتان وه‌زیری پێشووی لاوان، محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسودانی په‌رله‌مانتاری پێشوو دێن.
سه‌رچاوه‌كان له به‌غداوه به ڕۆژنامه‌كه‌یان گوتووه، كه به ده‌سپێشخه‌ری ئێران و به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو، بڕیار دراوه ئێسته گفتوگۆ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو دوا بخرێ و هه‌ردوولا سه‌در و به‌ره‌ی دژ به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، گفتوگۆ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته وه‌زارییه‌كان له نێوان خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش وه‌زاره‌تی به‌ر ده‌كه‌وێ، واته كۆی گشتی ده‌گاته 12 وه‌زاره‌ت، له نێوان خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌تانه ڕێك ده‌كه‌ون و كاندیده‌كانیشیان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه. دوای ته‌واوبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا له‌سه‌ریان، پاشان ده‌ست به دانوستاندن بۆ دیارییكردنی سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد و سوننه ده‌كرێت.
زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان نایشارنه‌وه كه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ئێسته له نێوان لایه‌نه‌كانی شیعه هه‌یه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها چانسی بوونه‌وه‌ی كازمی به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی زیاد كردووه، له دوای ئه‌میش ناوی حه‌یده‌ر عه‌بادی دێت، كه به دوو به‌هێزترین كاندید بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق داده‌نرێن.