سینەماكاران ئومێدەوارن حكوومەت بایەخی زیاتر بە سینەما بدات

:: PM:04:11:17/11/2021 ‌
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆك، بوو بە دەرفەتێك تا هونەرمەندان و سینەماكاران و بەرپرسانی باڵای حكوومەت، لە نزیكەوە یەكتر بەسەر بكەنەوە. مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان لە وتارەكەیدا رای‌ گەیاند، ئەو جۆرە فێستیڤاڵە گرنگە بۆ هونەر و ناساندنی‌ كوردستان، چونكە‌ سینەما هونەرێكی‌ كاریگەرە و دەتوانێ‌ چەندان پەیامی‌ گرنگ و مرۆڤایەتی‌ بگەیەنێتە دنیا. هونەرمەندانیش  قسەی خۆیان هەبوو و پێیان وایە سینەما پێویستی بە پاڵپشتی زیاتری حكوومەت هەیە.

مەسروور بارزانی‌ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گوتارەكەیدا لە فێستیڤاڵی‌ فیلم لە دهۆك رای‌ گەیاند، جیۆگرافیا و سروشتی كوردستان گونجاوە بۆ وێنەگرتنی‌ فیلم، حكوومەت پشتیوانی‌ سینەماكاران دەكات. ئەم گوتارەی سەرۆكی حكوومەت هونەرمەندانی دڵخۆش كرد و ئومێدەوارن لەمەودوا گرنگی زیاتر بە هونەر بدرێت.

شوان عەتووف هونەرمەند و سینەماكاری كورد، بە "وشە"ی راگەیاند، ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت لە فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی دهۆك، كارێكی باشە و ئومێدێكە بۆ دەستپێكی گرنگیدان بە هونەر و سینەما.

ژینگە و كەشی كوردستان لەبارە بۆ هەموو جۆرە كارێكی هونەری و فیلمی سینەمایی


ئەو گوتی، ژینگە و كەشی كوردستان لەبارە بۆ هەموو جۆرە كارێكی هونەری و فیلمی سینەمایی، دەبێت حكوومەت كار بۆ ئەمە بكات، چونكە كوردستان جێیەكی دڵگیر و سەرنجڕاكێشە.

عەتووف دەڵێت، "ڕاشكاوانە دەڵێم گرنگی بە هونەر و سینەما نەدراوە لە رابردوودا، بەڵام ئیتر لەمەودوا ترووسكاییەك دەبینم و هەست دەكەم هەوڵێك و دەستێك هەیە بۆ گرنگیدان بە سینەما و هونەر."

هاوكات دكتۆر نیاز لەتیف دەرهێنەر و هونەرمەندی كورد، بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە گرنگییەكی ئەوتۆ نەدراوە بە هونەر، بۆ نموونە بۆچی لەكاتی شەڕی داعش حكوومەت كولتووری پەك خست و سیستمی سك ھەڵگوشینیان بەرانبەر بەھونەر بەكار ھێنا، پێیان وابوو شەڕی فیكری داعشیزم تەنیا بەتفەنگ و شەڕكردن دەكرێ، لە كاتێكدا دەبێت بە ھونەر و فیكر و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بەرەنگاری داعش ببیننەوە.

ئەو بە نموونە ئاماژە دەكات و دەڵێ لە فڕەنسا ناپلیۆن لەكاتی جەنگدا پاڵپشتی بەھێزی ھونەرمەندان و شانۆكارانی دەكرد، بۆ ئەوەی كار بكەن بۆ بەرزكردنەوەی ورەی سەربازەكان و گەلی فڕەنسا. هەروەها لەكاتی شەڕی عێراق و ئێران سەدام حوسێن كە دڕندە و دیكتاتۆر بوو، بەڵام ھەمیشە زۆری لەھونەرمەندان دەكرد بەھونەر پشتیوانی لە جەنگەكە بكەن. كەواتە رۆڵی ھونەری سینەما و دراما گرنگە، وەك سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی پێ دا، كەواتە فەرموو با ھەمووان كار بۆ ئەمە بكەین.

بەگوتەی ئەو دەرهێنەرە، هەموو پاڵپشتیكردنێك جێی دەستخۆشییە، ھیوادارە ئەوەی تا ئێستە حكوومەت نەیكردووە بۆ كولتوور بەگشتی و دراما و فیلمی سینەمایی بەتایبەتی، لەمەودوا بیكات. سینەما پێویستی بەسەرمایەیەكی زۆرە و دڵنیایە لە توانای حكوومەتی ھەرێمدا نییە، بەڵام ساڵی جارێك پارەیەك بۆ فێستیڤاڵ خەرج بكرێت، نابێتە پاڵپشتی بۆ ژێرخان و سەرخانی ھونەر.

دكتۆر نیاز لەتیف پێی وایە، پێشخستنی ھونەری سینەما پێویستی بە پلان و بەرنامەی ستراتیجی  درێژخایەنە، ئەوانیش بەشی ئەوەندە بیرۆكەیان هەیە تا ھونەری سینەما وەك پیشە و بزنس ڕێك بخەن.

ئەو گوتی، ئەگەر حكوومەت دەیەوێ كار بۆ ئەوە بكات، دەتوانێ زۆر پرس و بابەتی گرنگ بخەنە بەردەست و پرەنسیپ بۆ پێشخستنی ھونەر بەگشتی و سینەما بەتایبەتی، بەڵام ئەگەر حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان تەنیا ساڵی جارێك بۆ سازدانی فێستیڤاڵێك سینەمایان بیر بێتەوە، دڵنیا بن دۆخەكە وەك ئێستە دەبێت، پێنج ساڵ یان زۆر زیاتر دەبێ چاوەڕوان بن تا درامایەك بكەن، یان نمایشێك پێشكەش بكەن، بەمەش سینەما پێش ناكەوێت.

تەنیا پشتیوانی ئەوان بكات، سینەما پێش ناكەوێت.


جگە لەمە ئەگەر حكوومەت پێی وابێت سینەمای كوردی تەنیا چەند كەسێكن كە لە پەنجەكانی یەك دەست تێپەڕ ناكەن و تەنیا پشتیوانی ئەوان بكات، سینەما پێش ناكەوێت.

جێی باسە مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان، لە فێستیڤاڵی‌ سینەمایی دهۆك وتارێكی‌ پێشكەش كرد و رای‌ گەیاند، چەندان تاوانی‌ گەورە بەرانبەر كورد كراوە كە دەكرێ‌ ببنە فیلمی‌ كاریگەر و كاریان لەسەر بكرێ‌.

سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان لە بەشێكی‌ تری‌ قسەكانیدا دووپاتی‌ كردەوە، حكوومەت پێشوازی‌ لە هەر سینەماكارێك دەكات بێتە كوردستان و وێنەی‌ فیلمەكانیان بگرن، پشتیوانی‌ پێشڤەچوونی‌ هونەری‌ كوردین و لە رابردووشدا هاوكاری‌ ئەو بوارە كراوە.

مەسروور بارزانی‌ ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی‌ كوردستان لە دوو ساڵی‌ رابردوو لە رەوشێكی‌ دارایی‌ خراپدا بوو، ئێستە كاری‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دابینكردنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانە، بەڵام لەپاڵ ئەوەیشدا كار لەسەر پێشبردنی‌ بواری‌ ئابووری‌ و هونەری‌ و تەواوی‌ بوارەكانی‌ تر دەكەن.


سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - سلێمان تاشان