وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاشكراى كردووه، پڕۆژەی هێڵی 132 کەی ڤیی بازیان - ڕانیە له %30 ته‌واو بووه كه توانای گواستنەوەی 400 مێگاوات کارەبای بۆ ناوچه‌كه هەیە.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى تشرینى دووه‌م، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕاگه‌یانراوێكدا ڕاى گه‌یاندووه، "پڕۆژەی هێڵی 132 کەی ڤیی بازیان - ڕانیە درێژاییەکەی 105 کیلۆمەترە و توانای گواستنەوەی 400 مێگاوات کارەبای هەیە."
زیاتر هاتووه، "ئه‌م پڕۆژه‌یه لە ماوەی 365 ڕۆژدا لەلایەن کۆمپانیای هێرۆوە جێبەجێ ده‌کرێت لە ماوەی 60 ڕۆژ، 30% پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە."
ڕوون كراوه‌ته‌وه، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کارەبایەکی زیاتر بۆ سنووری بازیان - ڕانیه دەگوازرێتەوە و وەزارەتی کارەبا سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات.
ئێسته پێدانی كاره‌با نیشتمانی به هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 12 سه‌عاته و ئه‌وه‌ی تر له‌به‌رانبه‌ردا كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلیی ده‌درێته‌وه هاووڵاتییان. حكوومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام له‌هه‌وڵدایه ئه‌و بڕه‌ى كاره‌باى نیشتمانى زیاد بكات و بۆیه ماوه‌ی مانگێكه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كاره‌با هه‌ڵمه‌تێكی بڕینی كاره‌بای زێده‌ڕۆیان ده‌ست پێ كردووه و ئه‌وكه‌سانه غه‌رامه ده‌كه‌ن كه زیده‌ڕۆیان ئه‌نجام داوه.