كۆمپانیا گەشتیارییەكان هاووڵاتییان لە فریوی قاچاخچییەكان ئاگادار دەكەنەوە

:: AM:11:42:21/11/2021 ‌
قاچاخچییەكانی رێی ئەوروپا لە بەرانبەر بڕێك پارە بەڵێنی بریقەدار بە خەڵك دەدەن، بە قسەی خۆیان زۆر بە ئاسانی دەیانگەیەننە ئەوروپا، بەڵام قسەكانیان پێچەوانە دەبێتەوە و ئەوەی زیانمەند دەبێت، هەر ئەو كەسەیە فریوی قاچاخچییەكەی خواردووە. بەرپرسی كۆمپانیا گەشتیارییەكان خەڵك لەو مەترسییە ئاگادار دەكاتەوە.

عەتا ئەنوەر بەرپرسی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكانی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، قاچاخچێتی هەر لە ناوەكەیدا دیارە كە كارێكی نایاساییە، هەر كەس باوەڕ بە قاچاخچی بكات، كێشە بۆ خۆی دروست دەكات، ئەوەی قاچاخچی دەیكات كێشەی گەورەن و كەسیش ناتوانێ كۆنترۆڵی قاچاخچی بكات، چونكە ئەوانە لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتیش نین.

ئەو هەروەها گوتی، لایەنەكەی تری ئەوەیە خەڵك خەتای خۆیانە بڕوا بە قاچاخچی دەكەن، بەزاندنی سنووری وڵاتان بە نایاسایی و بەبێ بوونی مۆڵەت و ڤیزە، كارێكی نایاساییە، لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی وەرگرتنی ڤیزە ئەگەر لەلایەن كۆمپانیا و نووسینگەیەكەوە بكرێت، جیاوازە لەگەڵ ئەوەی كەسێك بە سیفەتی دەڵاڵێكی سەر شەقام دێت و دەڵێت ئەو كارانە دەكەم.

بەگوتەی بەرپرسی نووسینگە و كۆمپانیا گەشتیارییەكان، هیچ كۆمپانیا و نووسینگەیەكی گەشتیاری ناتوانێ ڤیزەی وڵاتانی ئەوروپی بۆ كەس وەربگرێت، تەنیا مامەڵەكانی بۆ ئامادە دەكات و دوای ئەوە خۆی و چانسی ئەو كەسەیە ڤیزەكەی بۆ دێتەوە یان نا.

رێی ئەوروپا بەشێوەی قاچاخ، هی ئەوە نییە خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێ بخەن


"هیوادارم هاووڵاتییانی ئێمە ئەوە بزانن كە رێی ئەوروپا بەشێوەی قاچاخ، هی ئەوە نییە خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێ بخەن، چونكە هەموو شتێك دەكرێ روو بدات لەو رێیە، كارەكە قاچاخییە، بەڵام خەڵك خۆیانن واز لەوە ناهێنن، ئەگەرنا رێی قاچاخ لەوەتەی دەیەی نەوەتەكانەوە هەر هەبووە."

ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لووتكە، پێشتر بە "وشە"ی راگەیاندبوو، تۆماركردنی ناوی كۆچبەران بۆ گەڕانەوە بەردەوامە و ئەوانەی ئارەزوومەندانە و بەخواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، تۆمار دەكرێن و لە داهاتووشدا گەڕانەوە بەردەوام دەبێت.

لە كاتی گەڕانەوەی كۆچبەران بۆ هەرێمی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەران بۆ میدیاكان ددانیان بەوە نا كە لەلایەن قاچاخچییەكانەوە فێڵیان لێ كراوە، ئەوەی ئەوان چاوەڕوانیان دەكرد بەدی نەهات و تەنانەت خەریك بوو خۆشیان ببنە قوربانی.

رۆژی پێنجشەم 18ی مانگ، یەكەم كاروانی كۆچبەرانی كورد و عێراقی لە سنووری پۆڵەندا و بیلاڕووسیا لە رێی فڕۆكەخانەی هەولێر كە ژمارەیان 431 كۆچبەر بوو، گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

وشە/ تایبەت



وشە - سلێمان تاشان