یانەکان بۆ وا دەکەن؟

:: AM:10:23:22/11/2021 ‌
ئاراس رواندزی

ئێستا لە جیهاندا تۆپی پێ بەگشتی یەکێکە لە پڕ بینەرترین و بە چێژترین یارییە وەرزشیەکان، لە وڵاتانی پێشکەوتووش کایەکە سنووری حەزو ئارەزوەکانی تێپەڕاندووەو بۆتە سەرچاوەیەکی باشی داهاتیش.

ئاشکرایە تۆپی پێ بێ بوونی پاڵپشتیەکی دارایی ئەستەمە سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بۆیە یانەو دامەزراوە وەرزشیە جیهانیەکان ساڵانە پلان و میکانیزمی نوێ دادەڕێژن، بۆ ئەوەی ڕێگەی نوێ بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بدۆزنەوە، چونکە ئابوورییەکی پتەو، واتای بنیاتنانی تیپێکی بەهێزو تۆکمە دەگەیەنێت، بەداخەوە لە کوردستانیش یانەو دامەزراوە وەرزشیەکان تاکە سەرچاوەی داهاتیان حکومەتە، بۆیە دۆخی دارایی ئەو لایەنە هۆکارە بۆ سستبوون یان ئەکتیڤبوونی جوڵە وەرزشیەکان. 

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم، فەرامۆشکردنی لایەنێکی گرنگی وەچنگ خستنی داهاتە کە یانەکانی کوردستان فەرامۆشیان کردووە، لە کاتێکدا هەمووشیان بەدەست قەیرانی بێ پارەیی دەناڵێنن! 

تکت یاخود بلیت کە جەماوەرو هەوادارانی وەرزشی بۆ سەیرکردنی یاری یانە دڵخوازەکەیان پێویست دەکات بیکڕن، یەکێکە لەو فاکتەرە ئابووریە گرنگانەی کە یانەکان دەتوانن لە رێگەیەوە پشتی پێ ببەستن، بەهۆی ئەو داهاتەی کە هەفتانە لە رێگەی فرۆشی ئەو بلیتانە دەستت دەکەوێت. لە ئەوروپا ئەو تکتانە گەورەترین پشتیوانی دارایی و گرنگترین سەرچاوەی داهاتە ، تیپێکی وەک بەرشلۆنە بەهۆی کۆڕۆناو ئامادەنەبوونی هاندەرانی، زیاتر لە نیوەی داهاتی لەدەستدا، ئەمەش قەبارەی ئەو داهاتە زۆرە دەردەخات کە لەو رێگەیەوە دەستدەکەوێت، ئەگەرچی بەراوردکردنی هاندەران و یانەکانی کوردستان بە ئیسپانیاو وڵاتانی دیکەش لۆژیک نیە، لێ دەکرێ وەک نمونەیەکی زیندوو سەیری بکەین. 

خولی تۆپی پێی کوردستان کە گەورەترین و پڕ جەماوەرترین چالاکی وەرزشی کوردستانە، دەکرێ یانەکان ئەو سیستەمەی تێدا پەیڕەو بکەن، بە تایبەتی ئەو تیپانەی نوێنەرایەتی شارو شارۆچکەکان دەکەن و تا ئەندازەیەکی باش جەماوەر ئامادەی یارییەکانیان دەبێت، رەنگە جێبەجێکردنی ئەو پێشنیارە بۆ هەندێ یانە کە جەماوەری نین، بێ بەرهەم بێ، لێ بۆ بەشێکی زۆریان سوود بەخش و پڕ داهات دەبێ. 

بۆیە گرنگە لەمەودوا یانەکان بە دیدێکی نوێی ئابووریانەو پیشەگەریانە لە کایەکە بڕوانن و تکت بکەنە تاکە مەرجی هاتنە ژوورەوەو سەیرکردنی یارییەکان، هەروەها پێویستە جەماوەری وەرزشیش ئەو راستیە بزانن کە خۆشویستنی یانە دڵخوازەکەت و بە دەستهێنانی ئەنجامی دڵخۆشکەر، تەنها بە هاندانت لە پەیژەکان بەدی نایەت، بەڵکو دەبێ رووبچیتە ناو رۆحی یانەکەت و ئامادەبی چەند هەزارێک ببەخشی کە رەنگە ئەو بڕە بۆ هەوادارێک زۆر نەبێ، بەڵام بە کۆی گشتی بۆ یانەکە دەبێتە پشتیوانێکی باشی دارایی و دواجار کاریگەری و رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاست و ئەنجامی تیپەکەت دەبێ.


وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا