نرخی فەردەی ئارد بۆ نیوە دادەبەزێ‌

:: AM:11:11:22/11/2021 ‌
وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، نرخی ئارد دادەبەزێ‌ و بازرگانێكی هێنانی ئاردیش ڕای دەگەیەنێت، نوێكردنەی مۆڵەت بۆ هێنانی ئارد دەستی پێ‌ كردووەتەوە.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی لەسەر زاری محەمەد حەنوون گوتەبێژی‌ وەزارەتی بازرگانی عێراق، بڵاوی كردووەتەوە كە نرخی‌ ئارد وردە وردە دەست بە هەرزانبوون دەكات، ئێستە لە خوار 25 هەزار دینار مامەڵەی پێ‌ دەكرێ‌.

دوو هەفتەی رابردوو نرخی فەردەیەك لەو ئاردەی لە بریكارەكان دابەش دەكران، لە بازاڕەكان لە كاتی فرۆشتنەوەدا گەیشتە 40 هەزار دینار.

ئەو بەرپرسەی عێراق باسی لەوەش كردووە، نرخی‌ ئارد بەردەوام دەبێت لە دابەزین، لە رۆژانی‌ داهاتوودا هەر فەردەیەك دەگاتە كەمتر لە 20 هەزار دینار.

وشیار محەمەد بازرگانی ئارد لە هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشبینی دەكرێ‌ لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمدا، ئاردی سفر نرخەكەی زیاتر دابەزێ‌، ئەوەیش دوای نوێكردنەوەی مۆڵەتی بازرگانان كە پێشتر بەهۆی چەند كێشەیەك و پاكسازی مۆڵەتەكان وەستابوون.

زیاتر گوتی، ئێستە فەردەیەكی ئاردی سفر بە 36 بۆ 38 هەزار دینار دەگاتە نانەواخانە و سەموونخانەكان، بۆیە پێشبینی دەكرێ‌ دوای هاتنی بڕە ئاردێكی زۆر، ئەو نرخە دابەزێ‌ بۆ 32 هەزار دینار.

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی كەمیی گەنم لە كۆگاكانی عێراق و خراپی كوالێتی ئارد لەگەڵ وشكەساڵی، وایكرد بۆ بەخێوكەرانی ئاژەڵ ئەو ئاردە بەكار بێنن، بەمەیش نرخی ئارد بەرزبوونەوەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی.



وشە - رامیار جەواد