وڵاتێكی تریش حزبوڵای لبنانی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

:: PM:02:12:24/11/2021 ‌
حكوومەتی ئوسترالیا، پڕۆژەیەكی نوێ پێشكەشی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەكات كە ئامانج لێی ئەوەیە حزبوڵای لبنانی بخرێتە ناو لیستی تیرۆرەوە.

كارێن ئەندروز وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا ئاشكرای كرد، وەك ئوسترالیا هیچ جۆرە توندوتیژییەك قبووڵ ناكەن، پاساوی ئاینی و ئایدۆلۆجی بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ ببێتە هۆی كوشتنی خەڵكی بێ تاوان.

ئەگەر ئوسترالیا حزبوڵا بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەوا لە وڵاتەكە هەر جۆرە پێوەندییەك لەگەڵ حزبوڵا بە تاوان هەژمار دەكرێت و كەس بۆی نییە ببێتە ئەندامی گرووپەكە.

ئوسترالیا لە ساڵی 2003ەوە باڵی سەربازی حزبوڵای بە تیرۆریست ناسیوە، بەڵام ئێستە بەتەمایە تەواوی رێكخراوەكە بخاتە ناو لیستی تیرۆریستییەوە.

رێكخراوەكە لە ساڵی 1997وە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە

رێكخراوەكە لە ساڵی 1997وە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە، هەریەك لە ژاپۆن، كەنەدا و بەریتانیاش رێكخراوەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی هەژمار دەكەن.كۆمكاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداویش، حزبوڵا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەزانن.


بەگوێرەی بی بی سی، حزبوڵای لبنان رێكخراوێكی میلیشیاییە، لەو سەردەمەدا دامەزرا كە ئیسرائیل دەستی بەسەر لبناندا گرتبوو. رێكخراوەكە دژی ئیسرائیل تەنانەت فڕۆكەشی دەڕفاند و هەموو كردەوەیەكی تیرۆریستی دەكرد.

حزبوڵای لبنان ئامرازی دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە بۆ پەرەپێدانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئێران بۆ تیرۆركردنی نەیارانی سوودی زۆری لە حزبوڵا وەرگرتووە.

رێكخراوەكە لە ژێر پاڵپشتی دارایی و سیاسیی ئێراندایە، تەنانەت چەك و پێداویستییەكانی سەربازیشی هەر لە ئێرانەوە دابین دەكرێت.



وشە - سلێمان تاشان