"سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان سووكایەتییە بە خوێنی شەهیدان"

:: AM:10:35:25/11/2021 ‌
سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بووەتە مایەی نیگەرانی، پەرلەمانتاران و پارێزەران باس لەوە دەكەن كە سووكایەتی بە پیرۆزییەكان، سووكایەتییە بە خوێنی شەهیدان.

كلارا بەفرۆ ئەندامی لیستی كلدانی و سریانی و ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان كارێكی خراپە، ئاڵای كوردستان ئاڵایەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، هێمای خەبات و شۆڕشگێڕیی كورد و كوردستانە، بە دەیان هەزار كەس لە هاووڵاتییان و پێشمەرگە خوێنی خۆیان لە پێناو شەكاوەیی و مانەوەی ئاڵای كوردستان رشتووە.

بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان، یاسای ژمارە چواری ساڵی 1999، ئاڵای كوردستان هی هیچ حزب و پێكهاتە و لایەنێك نییە، بەڵكو ئاڵای گەل و نەتەوەیەكە، ئاڵای حكوومەت و پەرلەمان نییە، ئاڵای هەر هاووڵاتییەكی كوردزمانە، هێمای شكۆمەندییە، ئەو هێرش و مامەڵەكردنە لەگەڵ ئاڵای كوردستان دەبێ شەرمەزار بكرێت.

ئەو باسی لەوەش كرد، خوێندكاران مافی خۆیانە داوای دەرماڵە بكەن، بەڵام نەك بە سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان، لە هەر شوێنێك خۆپێشاندان كرابێت ئاڵای ئەو وڵاتە بەرز كراوەتەوە و سووكایەتی پێ نەكراوە و رێزی لێ گیراوە، خوێندكاران ئەو چینەن كە دەبێ خەڵكی تر لە ئەوانەوە سەیری خاك و نیشتمان بكات و پێویستە لەسەر نیشتمان پەروەردە بكرێن، ئاڵا هێمای وڵاتە، ناكرێت ئەوە قبووڵ بكرێت كە بەرانبەر بە ئاڵای كوردستان كرا.

نەزیرە جاف پارێزەری راوێژكار لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئاڵا ئەو هێمایەیە كە هەزاران شەهید ڕۆحی خۆیان كرد بە قوربانی تەنیا بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست دوژمن، ئاڵا هێمای نەتەوەیە، كاتێك هەر وڵاتێك دەبێ بەخاوەن قەوارە و سەروەری خۆی، دەبێت ئاڵایەكی تایبەت بەخۆی هە بێت، جێی پرسیارە خەڵك یان قوتابیان داوای ماف دەكەن، خەڵكێك خۆیان دەخزێننە ناو خۆپێشاندەران و دژی ئاڵا دەوەستنەوە و دژی بەها و پیرۆزییەكانی كوردستان دەوەستنەوە.

پێویستە تاكی كورد ئینتیمای نیشتمانی بۆ دروست بكرێتەوە


ئەو ئاماژەی دا كاتێك مرۆڤ پیرۆزی وڵاتی خۆی لا بێ نرخ بێت، چۆن ئەو وڵاتە پێش دەكەوێت كە خاوەنی هاووڵاتیی لەو شێوەیە بێت، نادادپەروەری هەیە لە كوردستان، بەڵام بۆ ڕاستكردنەوەی دادپەروەری گەورەترین هەڵەیە نرخی خاك و وڵات و ئاڵای نەتەوەیی نەزانرێت، پێویستە تاكی كورد ئینتیمای نیشتمانی بۆ دروست بكرێتەوە كە ئەمەش ئەركی زانكۆكانی كوردستانە، پێویستە قوتابیانی زانكۆ ڕێ نەدەن بە كرێگیراوان و دوژمنان تێكەڵ بە خۆپێشاندانەكانیان بن و مەرامی پیسی خۆیان جێبەجێ بكەن.

"كە هێمای نەتەوە بێ نرخ بوو، مافیش بوونی نامێنێت و پێویستە هەموو هاووڵاتییەكی كورد ڕێز لە ئاڵا و پیرۆزییەكانی كوردستان بگرن، لە خۆپێشاندانەكانی عێراق كاتێك خۆپێشاندانی گەورە و ملیۆنی بەڕێوە دەچێت، خۆپێشاندەران ئاڵا لە ناوچاوانیان دەبەستن و بەدەست بەرزی دەكەنەوە، لە كاتێكدا مافیان ئەوەندە زەوت كراوە بە دەیان ساڵ لە دوای كوردستانن. پێویستە هاووڵاتییانی كوردستان كاتێك داوای ماف دەكەن، بەشێوازێكی شارستانی داوای بكەن، چونكە خێراتر دەیانگەیەنێت بە مافەكانیان، بێڕێزیكردن بە ئاڵا بێڕێزیكردنە بە خۆی و بە كوردستان." نەزیرە جاف وای گوت.

رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، خوێندكاران داواكارییەكانتان ڕەوایە و پاڵپشتین، بەڵام ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە داواكەی ئێوە ڕەواترە، شكۆ و كەرامەتی میلەتێك نابێت بۆ خاتری بڕە پارەیەك ھەتك بكرێت، بەداخەوە لە سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری بە پلانی ھەندێ كەس و لایەن، ئەو ئاڵایەی كە ھێمای خوێنی شەھیدانە بن پێ كرا، نابێ و ناكرێت ئەو بێڕێزییە بەرانبەر بە پیرۆزییەكان قبووڵ بكرێت.



وشە - وشه‌