كۆماری چیك ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەردەبڕێ‌

:: PM:12:01:25/11/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كورستان، پێشوازی لە باڵوێزی نوێی كۆماری چیك لە عێراق كرد، نوێنەرەكەی چیك ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پیتەر شتێپانیك باڵوێزی نوێی كۆماری چێك لە عێراق كرد.

سەرۆكی حكوومەت پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵوێزی كۆماری چێك كرد، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكانیدا لە پێناو برەودان بە پێوەندییەكانی كۆماری چیك لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان.

باڵوێزی چیك ئاماژەی بە پێوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك كرد، ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ فراوانكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا ڕاگەیاند، گوتیشی كە ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی شاندێكی بازرگانی چیكی لە ماوەی داهاتوودا، سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن و دەرفەتەكانی ئاڵوگۆڕی  بازرگانی و وەبەرهێنان تاوتوێ بكەن. 

گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیكردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و بارودۆخی كۆچبەرانی سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا، چەند تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی دیدارەكە بوو .



وشە - رامیار جەواد