هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی ڕاگەیەنرا

:: PM:12:03:25/11/2021 ‌
ماوەی چەند ڕۆژێكە پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم بووەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ سیانەكردن لە چەند وێستگەیەكی كارەبا دەگەڕێتەوە، هەروەها ڕۆژانی داهاتوو چەند وێستگەیەكی تری كارەبا دەكەونەوە كار.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی كارەبا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەعاتەكانی پێدانی كارەبا لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان كەم بووەتەوە، لە سێ ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو بڕە بووەتە 16 سەعات.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كارەبا بۆ وێستگە 300 مێگاواتییەكەی خەبات دەگەڕێتەوە كە لە ژێر چاككردنەوەدایە، بڕیارە لە ڕۆژی پێنجی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بكەوێتەوە كار.

باسی لەوەش كرد، ئەو كارەبایەی كە بڕەكەی 150 مێگاوات بوو لە توركیا دەكڕا، لەلایەن توركیاوە ڕاگیراوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی چارەسەركردنیدایە.

"وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای ئەگریكۆی گەرمیان، یەكێكی ترە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی، بڕیار وایە لەگەڵ زیادكردنی بەرهەمی گاز بۆ ئەو وێستگەیە، بڕی پێدانی كارەباكەی لە 165 مێگاواتەوە بگاتە 200 مێگاوات و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بكەوێتە كار.

كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا كەم بووەوە، بەڵام ئێستە بەهۆی زۆری خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا و سیانەكردن لە چەند وێستگەیەك، پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم بووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد