حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زیاتر بە توانا و لێهاتوویی ژن دەدا

:: PM:01:54:25/11/2021 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆری بە تواناكانی ژن داوە و یەكەم جارە لە كابینەكانی حكوومەت، سێ ژن وەزیر بن، ئەوەش سوودوەرگرتنە لە رۆڵی ژن كە لە كابینەكانی رابردوو بەو شێوەیە گرنگی بە ژنان نەدراوە، لەگەڵ ئەوەدا سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەشی ژنن.

سەرەڕای پۆستە باڵاكان، لە پۆستەكانی سەرۆكی زانكۆ و سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێكان، لە پۆستەكانی تریش ژنان رۆڵی گرنگیان هەیە و بەپێی ئامارێك، لە هەرێمی كوردستان سەتان ژن پۆستە گرنگەكان بەڕێوه ‌دەبەن و رۆڵیان هەیە لە پێشخستن و خزمەتكردنی وڵات.

نەزاكەت حەمەسەعید مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، توندوتیژی و پەراوێزخستنی ژنان، بابەتێك نییە پێوەندی بە ناوچەیەكەوە هەبێت، زۆربەی كۆمەڵگاكان بەهۆی هەندێ هۆكاری كولتووری و پەروەردەیی و عەقڵییەت و بیركردنەوەی ئایدیای تاكەكان، دەرفەتێكی وا نەبووە لە بەردەم ژناندا وەك پیاو بچنە پێشەوە و كار بكەن، لە بەرانبەردا ئەگەر هەوڵیان دابێت كار بكەن، رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

ئەو باسی لەوەش كرد لە هەرێمی كوردستان، لە كۆمەڵگای كوردی جیاواز لە كۆمەڵگاكانی تر، راستە رێگری و كولتوور و پەروەردە رێگر بووە لە بەردەم ژنان، بەڵام لە مێژووی كۆمەڵگەی كوردی بەهۆی ئەوەی پاشخانێكی مێژوویی باش هەیە لەوەی ژن لە ناو كۆمەڵگەی كوردی، ژنی دیار و كاریگەر و سیاسی و تا ئاستی میر هەبووە، ئەمە بنەمایەك بوو بۆ ئەوەی ژنان لە باشووری كوردستان بە ئازایەتی و بوێری و خۆڕاگری بەرانبەر توندوتیژییەكان بوەستنەوە و دوا نەكەون لە كار و لە كاروانی خەبات.

وەك ئەو مامۆستایەی زانكۆ خستیە ڕوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان  لە سەرەتاوە تا ئێستە، كاری كردووە و ویستوویەتی ژنان بهێنرێنە پێشەوە و رۆڵیان پێ بدات و بەشدار بن لە بڕیاردان، لە وەزارەتەكان و داودەزگاكانی حكوومەت، ژن براوەتە پێشەوە و كارئاسانی بۆ كراوە، راستە هێشتا رێگرییەكان و بەربەستەكان هەن، بەڵام تا ئاستێك توانراوە پشتیوانی ژنان بكرێت بۆ چوونە پێشەوە.

ویستوویەتی ژنان بهێنرێنە پێشەوە و رۆڵیان پێ بدات و بەشدار بن لە بڕیاردان


سەوسەن محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كورستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان سوود لە توانای ژنان وەرگیراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە گرنگی بە ژنان داوە و هێنراونەتە پێشەوە و رۆڵیان پێ دراوە و بەشدارن لە بڕیاردان، بۆ نموونە لە پەرلەمانی كوردستان ژنان رێژەی 30% دانراوە بۆیان، لە كاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق رێژەی ژنان 25% دانراوە.

ئەو ئاماژەی دا، هەر لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا چەندان سەرۆك لیژنە، ئەندام پەرلەمانە ژنەكان بەڕێوەیان دەبەن كە ئەمانە كاری باش و گرنگ ئەنجام دەدەن، ئەو رۆڵەی كە بەژنان دراوە لە كوردستان، كاریگەری زۆرباشی لەسەر توانا و لێهاتوویی ژن هەبووە، پێویستە بەردەوام و بەتایبەتیش راگەیاندن كۆمەڵگا و تاك وشیار بكەنەوە كە ژن خاوەن بەهرە و توانایە و توانای بەڕێوەبردنی هەیە شانبەشانی پیاوان، هەروەها كار بكرێت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی توندوتیژی لە رێی وشیاركردنەوەی هاووڵاتییان.

شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە سلێمانی، بە ''وشە''ی گوت، ژن لە بەڕێوەبردنی وڵات و پۆستەكانی حكوومیدا رۆڵێكی گرنگی هەیە، چەندان جومگەی گرنگی ئەم وڵاتە لە دەست ژندایە و خزمەتی وڵات و هاووڵاتییان دەكات، پۆست هەیە تەنیا بە ژن بەڕێوە دەبرێت.

ئەو پێی وایە، هیچ كات توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە توانا و ئازایەتی و گرنگییان كەم ناكاتەوە، ئێمە دەتوانین بێین باسی ئەوە بكەین كە لە بڕیاردان ئەگەر ژن بێنینە دەرەوە، بەشێكی گەورە لە بڕیاردان دادەتەپێ، هەر لەبەر ئەمەش حكوومەت لە سەرەوە بۆ خوارەوە گرنگی بە ژن داوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان