پاش چوار گه‌ڕی دانوستاندنی لایه‌نی سعوودیه و ئێران له به‌غدا له ئه‌نجامی ده‌سپێشخه‌رییه‌كی عێراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، دواجار پرۆسه‌كه له نێوان هه‌ردوولا جۆرێك له ساردی و پاشه‌كشه‌ی لێ دروست بووه، له‌و نێوه‌نده‌دا ڕووسیا پلان و ده‌سپێشخه‌رییه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنی عێراق ببێت به نێوه‌ندگیر له نێوان هه‌ردوو وڵات و جارێكی تر دانوستاندنه‌كانی نێوانیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه.
ده‌سپێشخه‌ری و پلانه‌كه‌ی مۆسكۆ به ناوی "لێكگه‌یشتنی ته‌ناهی گشتی له نێوان وڵاتانی كه‌نداو"ه و پرۆژه‌كه نوێ نییه و پێشتر له ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕووسیا هه‌وڵی خستنه بواری جێبه‌جێكردنی هه‌مان پرۆژه‌ی دا، به‌ڵام ئێسته به ده‌سكاری و هه‌مواركردنییه‌وه و گونجاندنی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێسته، دووباره خستوویه‌تییه‌وه نێوان وڵاتانی كه‌نداو به گشتی و به‌رده‌م ئێران و سعوودیه به تایبه‌تی.
دووباره زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه و به دیاریكراویش هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌بوونی له كاتی ئێسته، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه حكوومه‌تی بایدن سیاسه‌تی پاشه‌كشه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سه‌رنج و ئامانجه‌كانی خۆی له‌سه‌ر چین كۆ كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن مۆسكۆوه به ده‌رفه‌تێكی مه‌زن سه‌یر ده‌كرێ، تا نێوه‌ندگیری له نێوان وڵاتانی كه‌نداو به گشتی و ئێران و سعوودیه به تایبه‌تی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان سه‌رجه‌م وڵاتانی ناوچه‌كه، هاوكات هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی گشتی ته‌ناهی له نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه دروست بكرێ، ئاسایشی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م وڵاتانه‌وه به‌یه‌كچاو سه‌یری بكرێ، به دیوێكی تر ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی مۆسكۆ بریتییه له دروستكردنی بلۆكێكی ته‌ناهی و سه‌ربازی له نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه، تا له داهاتوو ببێت به پرۆژه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ناتۆ، ئه‌گه‌رچی هاتنه‌دیشی كارێكی ئاسان نییه و بگره زۆر قورسه.
ڤیتالی نۆمكین توێژه‌ری به‌شدار له ئاماده‌كردنی ئه‌و ده‌سپێشخه‌ری و پرۆژه‌یه‌ی مۆسكۆ كه هاوكات سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته و سه‌ر به ئه‌كادیمیایی زانستی ڕووسیا، له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌ڵێ، ڕاگه‌یاندن و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی له ئێسته باشترین و گونجاوترین كاته، چونكه زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار و هاوبه‌ش له نێوان سه‌رجه‌م وڵاتانی كه‌نداو بوونی هه‌یه، تا به ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنێكی له‌مجۆره ڕازی بن.
نۆمكین بۆ گۆڤاری "
نیوزویك"ی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی داوه، كه ئێسته سه‌رجه‌م وڵاتانی كه‌نداو و ناوچه‌كه به گشتی هه‌ڕه‌شه‌ی هاوبه‌شیان له‌سه‌ره، كه ئه‌ویش هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگ و نائارامی و وێرانییه، هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیایش ئاماده نین به هه‌موو توانای خۆیانه‌وه بێنه نێو شه‌ڕ و ململانێكان بۆ پاراستنی وڵاتانی ناوچه‌كه، بۆیه ده‌مانه‌وێ كه سه‌رجه‌میان له‌سه‌ر لێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش كۆ بكه‌ینه‌وه، تا خۆیان بتوانن ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه به ته‌واوی به پارێزراوی بهێڵنه‌وه.
له‌باره‌ی دژیه‌كی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی مۆسكۆ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، گوته‌بێژێك به ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڤاره‌كه گوتی، واشنتن ئاماده‌ی هاریكارییه له‌گه‌ڵ مۆسكۆ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان، كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بێت، به‌ڵام به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانی مۆسكۆ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه و جموجۆڵه ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی له كه‌ندا گفتوگۆ و ڕاوێژی چڕ ده‌كات، به تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه پێوه‌ستن به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا و شه‌ڕی تیرۆر و هاوبه‌شی له بواری به‌رگری و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه.
له ماوه ڕابردوو ڤیتالی نۆمكین له مۆسكۆ سیمینارێكی فره‌وانی به به‌شداری نوێنه‌ر و چالاك و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی كه‌نداو ئه‌نجام دا و تێیدا پرۆژه و ده‌سپێشخه‌ری وڵاته‌كه‌ی بۆ ڕوونكردنه‌وه، زۆرترین شاره‌زا و پسپۆری بواری ته‌ناهی و سیاسی و دیپلۆماسیش تێیدا به‌شدار بوون و بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه به ئامانجی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و به‌هێزكردن و گونجاندنی له‌گه‌ڵ خواستی وڵاتانی كه‌نداو خسته‌ڕوو.
نۆمكین له سمیناره‌كه‌ی دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه سه‌ره‌ڕای ناكۆكی قووڵ و ڕیشه‌یی له نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه بوونی هه‌یه، به تایبه‌ت له نێوان ئێران و سعوودیه، به‌ڵام هه‌مووان به‌رچاویان ڕوونه كه جه‌نگ و وێرانكاری هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕژده له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه، بۆیه له ڕێی ئه‌و پرۆژه‌یه ئاسایشی هاوبه‌ش له نێوان سه‌رجه‌م وڵاته‌كان دروست ده‌كرێ، له دژی تاوانه جۆراوجۆر و گه‌وره‌كان و تیرۆر به تایبه‌تی، ئاسایشی بازرگانی و ئابووری و گه‌شه‌پێدانی هاوبه‌ش ڕووی مرۆیی و ژینگه‌یی و ئابووری.