دەهۆڵی دوو جەنگ دەكوترێت.. ئەمەریكا رووسیا و چین ئاگەدار دەكاتەوە

:: PM:07:30:04/12/2021 ‌

نەیاریی ئەمەریكا و رووسیا و چین نوێ نییە، ئەوان ركابەری لەسەر پێشەنگی و باڵادەستی لە دنیا لە هەموو بوارەكاندا دەكەن، هەرسێكیان زلهێزن و خاوەنی ڤیتۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و خاوەنی چەكی ئەتۆمی و دەیان لایەنگرن لە سەرانسەری دنیا، بەڵام هاوكات لەگەڵ لاوازیی ئەمەریكا و ساردبوونەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەوروپا، رووسیا و چین و ئەو وڵاتانەی زەرەیان لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا كردووە روو لە بەهێزی دەكەن، لێرە و لەوێ باسی ئەگەری دوو جەنگ دەكرێت، تا چەند ئەگەری روودانیان هەیە؟

ئێستە نێوانی رووسیا و ئۆكرانیا ئاڵۆزە، رووسیا هێزێكی زۆری لە سنوورەكانی ئەو وڵاتە كۆ كردووەتەوە و بەرپرسانی ئۆكرانیا دەڵێن رووسیا نیازی هەیە لە كۆتایی مانگی داهاتوو هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەیان، هاوكات نێوانی چین و تایوان، ئاڵۆزە و چین ئاماژەی سەربازی بۆ هێرشكردنە سەر ئەو وڵاتە دەكات، بۆیە ئەگەرێكی دوور نییە كە ئەو جەنگەیش دەست پێ بكات و بە ئاسانی لەلایەن رووسیا و چینەوە یەكلا ببێتەوە، بەڵام ئەمەریكا و ناتۆ لەپشتەوەی ئەوانەوەن و رەنگە بەوهۆیەوە جەنگێكی نوێی جیهانی هەڵبگیرسێت.  
بلینكن: رووسیا و چین لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن رووبەڕووی سزای سەخت دەبنەوە
دوێنێ هەینی رۆژێكی نائاسایی بوو لەسەر سنوورەكانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، كاتێك كییڤ رای گەیاند هێزەكانی رووسیا شەش جار ئاگربەستیان لەو رۆژەدا پێشێل كردووە، ئەو پێشێلكاریانەیش نوێ نییە و ناوە ناوە دووبارە دەبێتەوە، ئەوەی مەترسیدارە و زۆرێك وریایی لەبارەوە دەدەن، روودانی جەنگێكی سەرانسەرییە لەنێوان رووسیا و ئۆكرانیا، بەتایبەتی لە سایەی ئاڵۆزیی پەرەسەندووی ساڵانی دوایی.

ئێستە ئۆكرانیا و رۆژئاوا سەرنجی دنیایان خستووەتە سەر ئەو گردبوونەوە گەورەی هێزەكانی رووسیا لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا، كە بۆ مەبەستی داگیركردنی وڵاتەكە هاتوون، بەڵام كرملین ئەوە رەت دەكاتەوە، كاتێك ئۆلێكسی ریزینكۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆكرانیا رای گەیاند كە مۆسكۆ زیاتر لە 94 هەزار سەربازی لە نزیك سنوورەكانی وڵاتەكەی كۆ كردووەتەوە، پێشبینی كرد ئامادەسازی بێت بۆ هێرشێكی فرەوانی سەربازی لە كۆتایی كانوونی دووەمی داهاتوودا، لەوكاتەی هەواڵگری ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە كرملین پلانی هەیە ساڵی داهاتوو لە چەندان بەرەوە هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیا. بۆ ئەو مەبەستەیش 70 هەزار سەربازی لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە كۆ كردووەتەوە كە ئەگەر هەیە بۆ 175 هەزار زیاد بكرێن.

بەشێك لە چاودێران پێیان وایە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا بابەتەكەی یەكلا كردووەتەوە و هێرشەكە ئەنجام دەدات، لەوكاتەی هەندێكی تریان ئەو گردبوونەوە پێوەندی بە هۆكاری ناوخۆیی رووسیاوە هەیە، وەك لابردنی سەرنج و چاو لەسەر دۆسیەی ئەلیكسی ناڤالینی بەرهەڵستكاری سووری و دەرەكەیش پێوەست بە تاقیكردنەوەی هێز و كاردانەوەی ڤلادیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا و رۆژئاوا، لەوكاتەی هەندێكی تریان پێشبینی دەكەن رووسیا كارێكی سەربازی سنووردار لە ناوچەی دونباس ئەنجام بدات، كە مۆسكۆ كییڤ بە ئەنجامدانی پاكتاوی ئەتنی تۆمەتبار دەكات.   

لە كۆتایی كانوونی دووەمی رابردووەو شەڕێكی بەهێز لەنێوان سوپای ئۆكرانیا و جیاخوازانی ئۆكرانییەكانی رووسیا پاڵپشتیان دەكات لە ناوچەی دۆنباس هەیە، لەوكاتەی لە 2014 جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆكرانیا رووی دا و بەو هۆیەوە 13 هەزار كەس كوژران، لەدوای راپەڕینێكی لایەنگر بۆ رۆژئاوا لە كییڤ، كە بووە هۆی كۆنترۆلكردنی نیوچە دوورگەی كرمیا لەلایەن رووسیاوە.

ئەمەریكا هەوڵی رێگرتن لەو هێرشەی رووسیا دەدات، كاتێك جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا خەریكی ئامادەكردنی پلانە بۆ بەرگریكردن لە ئۆكرانیا و گوشاركردن لە رووسیا، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند ئەگەر رووسیا لە هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بێت، ئەوە رووبەڕووی سزای سەخت دەبێتەوە، جیا لەوە واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر مۆسكۆ كرد، لەوكاتەی ئۆكرانیا هانی یەكێتی ئەوروپایش دەدات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر مۆسكۆ و رێگرتن لە هەوڵی هێرشكردنە سەری.

 لەلایەكی تر وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری روودانی جەنگێكی تر، بلینكن وریایی بە چین دا لە ئەگەری هەر جموجۆڵێكی سەربازی لەدژی تایوان، كە ئەگەر رووبدات، دەبێتە بڕیارێكی كارەساتبار، بۆیە دەبێت بەرپرسانی پەكین بەهێمنی بیر بكەنەوە و تەنگژەیەك دروست نەكەن، ئەو دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا پابەند دەبێت بەوەی تایوان هەموو ئامرازێكی پێویستی بۆ بەرگریكردن لەخۆی دەبێت، لەوكاتەی ساڵانێكە چین هەوڵی گۆڕینی دۆخەكە لە گەرووی تایوان دەدات. 

شایەنی باسە پێوەندییەكانی ئەمەریكا و چین لە ئاڵۆزییەكی بەردەوامدایە، ئەوەیش بەهۆی چەند پرسێكەوە لەوانە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بابەتی هۆنگ كۆنگ و كێڵگەكانی نەوت و گاز لە دەریای باشووری چین و دۆسیەی تایوان و مافی مرۆڤ لە چین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل