وەزیری دارایی كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد

:: PM:12:00:05/12/2021 ‌
بەمەبەستی ڕێكخستنەوەی پێشینەی مانگانە، وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێكی دەركرد كە گۆڕانكاری لە پێشینەی مانگانە لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی دەبێت، تا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەرنەچێت بۆ گۆڕانكاری لە لێكەوتەكانی بڕوانامە، هیچ كارێك ناكرێ‌.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی یەكەم، لە بڕیارێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریدا هاتووە، بۆ هەر زیادكردن و گۆڕانكارییەك لە پێشینەی بەردەوامی مانگانەی وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەسەڵاتی وەزیر دەبێت.

لە بڕیارەكەدا ئەوەیش هاتووە، كار بە هیچ ڕێنوێنییەكی تر ناكرێ تایبەت بە بابەتی زیادكردنی پێشینەی مانگانە، ئەو بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە كاری پێ دەكرێ.

لە بڕیارێكی تری وەزیری دارایی و ئابووریدا هاتووە، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارمان دا بە راگرتنی گشتاندمان ژمارە 7ـی ساڵی 2021 كە پاڵپشتە بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، تا بە فەرمی وەڵامی نووسراومان دەدرێتەوە تایبەت بە لێكەوتەكانی پەسەندكردنی بڕوانامە.



وشە - رامیار جەواد