دوای دەركردنی لاهوور لە پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی، كوڕانی تاڵەبانی ئێستە هەنگاوێكی تریان دەست پێ كردووە، ئەویش لابردن و دەركردنی ئەو كەسانەیە لەسەر پشكی یەكێتـی لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی پۆستیان هەیە و لایەنگری لاهوورن.
لێدان لە پێگەی لاهوور لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەردەوامە، لە نوێترین بڕیاری هاوبەشی نێوانیان، سەرجەم ئەو كەسانەی لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی لە پشكی یەكێـتی لاهوور دایناون، دەردەكرێن و دوور دەخرێنەوە، كەسانی تر لە شوێنیان دادەنێن.
سەرانی ئەو حزبە هیچ متمانەیەكیان بەیەكتر نەمێنێت
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نوێترین لێدوانیدا ئەنجامدانی ژمارەیەك گۆڕانكاریی لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی ڕاگەیاند.
تاڵەبانی گوتی، دەستمان كردووە بە هەندێك گۆڕانكاری لە دیوانی وەزارەتەكان و لە حكوومەتە خۆجێیەكان، گۆڕانكارییەكان لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی باشتر لە دوێنێ خزمەت بە خەڵك بكرێت.
لێدوانەكەی قوباد تاڵەبانی لەدوای ئەوە دێ، ئەمڕۆ بە فەرمی گۆڕانكاری لە چوار سەرۆكی زانكۆی سنووری پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەنرا.
ئێستە كێشە و ململانێكانی ناو یەكێتی چووەتە قۆناغێكی تر، كوڕانی تاڵەبانی دەیانەوێ جگە لە دەركردنی لاهوور، سەرجەم ئەو كەسانەیش دەربكەن كە ڕۆژێك لە ڕۆژان بە پێگەی لاهوور سەرسام بوون و بەدوایدا ڕایان دەكرد.
كێشەكانی یەكێتی دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز، چووەتە كردەی سەربازی و بەرانبەر یەكتر هێز بەكار دەهێنن، ئەوەیش بووەتە هۆكارێك كە سەرانی ئەو حزبە هیچ متمانەیەكیان بەیەكتر نەمێنێت و سەرجەم گفتوگۆكان گەیشتوونەتە بنبەست.
جێگری سەرۆكی حكوومەت باسی لەوە كرد، "سەرۆكی زانكۆ هەیە كە زیاتر لە حەوت ساڵە لە پۆستەكەیدایە و وادەكەی تەواو بووە، بۆیە پێویستە گۆڕانكاری بكرێت."