ئەگەر شاسوار دڵسۆزی پێشمەرگەیە با قەرزەكانی بداتەوە و پێشمەرگە پڕچەك بكات"

:: AM:10:44:06/12/2021 ‌
پێشمەرگە پارێزەری وڵات و خاكی كوردستانە، بەردەوام لە ئامادەباشیدایە و سینگی بەرەو رووی فیشەكی دوژمنانە لە پێناو پاراستنی خاك و ئاڵای كوردستان، هەمیشە پێشەنگ بووە لە گیانفیدایی و خۆبەختكردن لە پێناو ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان، ئەوانەی دوێنێ سووكایەتییان بە پێشمەرگە دەكرد، ئەمڕۆ دەیانەوێ بە قسە سۆزی خەڵكی رابكێشن و وا پێشانی بدەن ئەوانە دڵسۆزی پێشمەرگەن، لە كاتێكدا بە قەرزەكانی شاسوار پێشمەرگە پڕچەك دەكرێت.

نەوەی نوێ و سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، كە هیچ شەرەفێكیان لە خزمەتكردن و سەنگەری بەرگریی كوردستان نییە و هیچ خزمەتێكیان بە پێشمەرگە نەكردووە، سەركۆنەی ئەوە دەكەن گوایە پێشمەرگە خزمەت ناكرێت و خۆشیان بە دڵسۆزی پێشمەرگە پێشان دەدەن، لە كاتێكدا ئەو قەرزەی كە لەسەریەتی ئەگەر بیداتەوە بە حكوومەت، باشترین خزمەتی پێشمەرگەی پێ دەكرێت.

محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە كاتی شەڕی داعش و ئەو گرفتانەی كە تووشی هەرێمی كوردستان و عێراق بوون، هاوكاری چەكی باش و پێشكەوتوو هات بۆ پێشمەرگە و عێراق، بەڵام قەبارەی ئەو چەكانە ئەوەندە نەبوو كە دابەشی هەموو خاڵە سەربازییەكان بكرێت، بەڵكو تەنیا بۆ روودانی شەڕی گەورە بوو، بۆ ئەوانە بوون كە بۆ بەرەكانی شەڕ دەڕۆن نەك بۆ هەموو خاڵێكی پێشمەرگە.

ئەو هەروەها گوتی، بۆ ئەوەی هەموو پێشمەرگە و هێزە سەربازییەكان چەكی پێشكەوتوویان هەبێت، پێویستی بە داهاتێكی زۆر هەیە، ئەو قەرزەی كە حكوومەت لەسەر هاووڵاتی و كۆمپانیا و سەرمایەداران هەیەتی، ئەگەر بگەڕێنرێتەوە دەتوانێ چەكی پێ دابین بكرێت.

" ئەوانەی كە قەرزاری حكوومەتن با قەرزەكە بدەنەوە بە حكوومەت، ئەوكات قسە بكەن و باسی دڵسۆزی خۆیان بۆ پێشمەرگە بكەن، شاسوار خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێ، بۆیە هیچ كات قسەی باش ناكات، لە كاتێكدا پڕۆژەیەكیان نەبووە كە خزمەت بە پێشمەرگە بكات، ئەوان شانبەشانی پێشمەرگە شەڕیان نەكردووە، پێشمەرگە خەبات بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات، خوێنیان رشتووە، شاسوار و گرووپەكەی ئەوە نین بەرگری لە پێشمەرگە بكەن." محەمەد سەعدەدین وای گوت.

هاوكات ئازاد سەعید كە پێشمەرگەیە، بە "وشە"ی راگەیاند، دەزانن شاسوار مەبەستی لەو قسەكردنە چییە؟ ئەمانە هەرجارە و بە پرسێكەوە دەیگرن و وا خۆیان پێشان دەدەن دڵسۆزن بۆ خەڵك، پێشمەرگە ئەو پێشمەرگەیەیە كە هەموو وڵاتان لە ئازایەتی و مەردایەتی تێگەیشتن، كاتێك قارەمانێتییان بەرانبەر بە داعش پێشان دا و بۆ هەموو دنیا سەلماندیان كە پێشمەرگە كێیە.

خەڵكی كوردستان دیسان نیشانەی پرسیاریان بەرانبەر بێدەنگیی ئەو گرووپە هەلپەرستە دانا


عەلی ئەنوەر چاودێری سیاسی لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، سەرلەبەری چەواشەكارییەكانی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی و سەرانی بەناو نەوەی نوێ، لەوێوە سەری هەڵدا كە خەڵكی كوردستان دیسان نیشانەی پرسیاریان بەرانبەر بێدەنگیی ئەو گرووپە هەلپەرستە دانا، لەوكاتەی لە كوڵەجۆ پۆلێك لە گیانبازەكانی نیشتمان كەوتنە بۆسەی تاریكپەرستانەوە، تا ئەوەی كە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بناری قەرەچووخ سێ برا لە یەك خێزان و پۆلێكی تر لە پێشمەرگەكانی كوردستان، خۆیان كردە قوربانی ئەم ئەزموونە و گەیشتنە كاروانی شەهیدان.

ئەو گوتی، "ئەوان وا خۆیان پێشان دەدەن كە دڵسۆزن، ئێمە باش تێگەیشتوین كە ئێوە هەلپەرستن و لە بۆسەدان، هەركاتێك بۆ ئێوە گونجاو بێت، هاوشێوەی داعش بەرانبەر بە كوردستان و هێزی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی ئەم وڵاتەن، دەبوو شتێك بڵێن لەسەر ئەو دۆخە، بەڵام بەداخەوە دووبارە ناخی بۆگەنیان بەرانبەر ئەم نیشتمانە هەڵڕشت كە باشتر وابوو بێدەنگییەكەیان درێژە پێ بدەن، ئەویش ناڕاستەوخۆ هەر لە خزمەتی نەیاراندا دەبوو. وەك نیازپاكییەك لانی كەم بۆ چەند ساتێك ماتەمینییان ڕابگەیاندایە، كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە و پشتئەستوورین بە ڕەوایەتی دۆزەكە و سەركردایەتی كوردستان."




وشە - تایبه‌ت