وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرهەمی سووتەمەنی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەنگۆكان رەت دەكاتەوە

:: PM:02:02:06/12/2021 ‌
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا تیشك دەخاتە سەر كۆی بەرهەمی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی لە هەرێمی كوردستان، بە بەڵگە نرخ و هۆكاری گرانییان ئاشكرا دەكات. هاوكات زانیارییەكانی یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی كوردستانیش رەت دەكاتەوە.

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، بەداخەوە لەم ڕۆژانەدا عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بابەتێكی ناڕاستی لەبارەی قۆرخكاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بڵاو كردووەتەوە كە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە. بۆیە بە پێویستی دەزانین راستییەكە بخەینە ڕوو.
 
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی  "دیلۆیت"، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕۆژانە كەمتر لە 25 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت بە ئامانجی پڕكردنەوەی پێداویستی وێستگەكانی كارەبا، لە هەمان كاتدا بڕی 950 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت.

حكوومەتی فیدراڵ ڕۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بە نرخی 660 دینار دابین دەكات


وەك خراوەتە ڕوو، حكوومەتی فیدراڵ ڕۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بە نرخی 660 دینار دابین دەكات، شێوازی دابەشكردنی بەنزینەكەش بەسەر بەنزینخانەكاندا بەشێوەی "نۆرە- مناوەبە"یە و لە ڕێی لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان، لە پارێزگاكان دابەش دەكرێت، بەڕەچاوكردنی ناوچە هەژارنشینەكان، بەڵام لەبەر كەمی ڕێژەی بەنزین و زۆریی بەنزینخانەكان، توانای دابینكردن بۆ هەموو بەنزینخانەكان كەمە، ئەو كۆمپانیایانەی بە گواستنەوە و كڕینی بەنزینیش ڕاسپێراون لەگەڵ ئەو بەنزینخانانەی دەیفرۆشن، پابەند كراون بە مەرج و ڕێنوێنییەكانی وەزارەت و نرخی فرۆشتنیش وەك هاوكاری بە 690 دینار بۆ هەر لیترێك دانراوە.

 بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتەكە چاودێریی چڕ دەكات لە ڕێی لیژنەكان لە پارێزگاكان و پۆلیسی نەوت و گاز، بە جۆرێك چەندان بەنزینخانە كە سەرپێچییان كردووە، داخراون و سزای مادی دراون. لەبارەی فرۆشتنی بەنزین لە زۆر بەنزینخانە بە زیاتر لەو نرخە، وەزارەتەكە ئاماژەی داوە ئەو جۆرە بەنزینە بازرگانییە و نرخەكەی پابەندە بە نرخی نەوتی برێنت، جیا لەوەی بازاڕی سووتەمەنی بازاڕێكی ئازادە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە خاڵێكی تردا باسی لە كێشەی نەوتی سپی كردووە و نووسیویەتی، سەرەڕای بڕیاری ژمارە 119ی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتمان بە هیچ شێوەیەك ڕێگری لە هاوردەكردنی سووتەمەنی نەكردووه لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بەهیچ شێوەیەك ئاسانكاری ناكات بۆ هێنانی هیچ جۆرە سووتەمەنییەك كە كوالیتییەكەی گونجاو نەبێت. ئەگەر ڕێگریش كرابێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەت بووە كە هەندێ كەسی نابەرپرس بەرانبەر تەندروستیی هاووڵاتییان، هەوڵیان داوە بە ڕێی نەگونجاو هاوردەی بكەن.

هەر لەبارەی نرخی نەوتی سپی وەزارەتەكە دەڵێت، نرخی نەوتی سپی بۆ هەر تۆنێك لە 15ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ 716 دۆلار بووە، دوای هەموو تێچوویەكی تا گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، نرخەكەی بۆ هەر بەمیلێك نزیكەی 140 هەزار دینار دەبێت. لە هەمان كاتدا دوو جۆر نەوتی سپی بەرهەمی ناوخۆی پاڵاوگەكانی عێراق هەیە، بەشێوەی بازرگانی لە بازاڕی بۆرسەی پارێزگاكان، بەپێی كوالیتی بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو.

لە پارێزگای هەولێر جۆری نەوتی سیلڤەری 200 هەر بەرمیلێكی بە 155 هەزار دینارە، جۆری سیلڤەر 1500 بە 145 هەزار دینار و نرخی نەوتی بازرگانی لە بەنزینخانەكانیش بە 170 هەزار دینارە.

 لە پارێزگای سلێمانی جۆری نەوتی سیلڤەری 200 هەر بەرمیلێكی بە 150 هەزار دینارە، جۆری سیلڤەر 1500 بە 145 هەزار دینار و نرخی نەوتی بازرگانی لە بەنزینخانەكانیش بەرمیلی بە 165 هەزار دینار ساغ دەكرێتەوە.

لە پارێزگای دهۆك جۆری نەوتی سیلڤەری 200 هەر بەرمیلێكی بە 160 هەزار دینارە، جۆری سیلڤەر 1500 بە 155 هەزار دینار و نرخی نەوتی بازرگانی لە بەنزینخانەكانیش بەرمیلی بە 176 هەزار دینار ساغ دەكرێتەوە.

لەبارەی پاڵاوگەی لاناز وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە، پاڵاوگەكە حكوومی نییە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیج بڕە نەوتێكی خاوی بۆ دابین ناكات، بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە یەكی ساڵی 2020ی وەزارەت كە لە ڕۆژنامەی "وقایع"دا بڵاو كراوەتەوە، زۆر بە ڕوونی ئاماژە بەوە كراوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پابەند نییە بەدابینكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكان، بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینكردنی نەوتەكە وەك هەموو پاڵاوگە ڕێپێدراوەكانی تر.

هەروەها ئاماژەی داوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت و كەمبوونەوەی هاوردەكردنی بەرهەمی بەنزین بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو. جگە لەمە لە پێناو هاوكاریكردنی هاووڵاتییان، وەزارەتەكە هەموو هەوڵێكی خۆی خستە گەڕ بۆ دابینكردنی بەنزین بە نرخ و كوالێتییەكی گونجاو، پاڵاوگەی ناوبراو وەك هاوكاری و پابەندبوون بە بڕیاری وەزارەت، بڕێك بەنزینی بەشێوەیەكی كاتی بە نرخی 730 دینار دابین كرد و بەپێی بڕیاری لیژنەی تایبەتی وەزارەت، بەسەر بەنزینخانەكان دابەش كرا.

هیچ جۆرە رێگرییەك ناكرێت و هیچ پارەیەكیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەكیش ڕێی پێ نادرێت


لە روونكردنەوەكەدا باس لە كەسێك بە ناوی نەبەز محەمەد كراوە و هاتووە، هیج بازگەیەك، جگە لە مۆڵەتی وەزارەت كە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە كوالیتی سووتەمەنی، ئەویش لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هیچ جۆرە رێگرییەك ناكرێت و هیچ پارەیەكیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەكیش ڕێی پێ نادرێت، هەر كەس و لایەنێكیش ئەو كارە بكات، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر. 

لە كۆتادا وەزارەتەكە تیشكی خستووەتە سەر دەنگۆی بوونی دوو هەزار ملیۆن لیتر گازوایل لای كەسێك كە دوورە لە راستی، چونكە دابینكردنی ئەو بڕە گازە، ڕۆژانە پێویستی بە پاڵاوتنی زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەیە، ئەمەش لە مانگێكدا دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل كە زیاتر لە خەیاڵ دەچێت و دوورە لە راستییەوە.


وشە - سلێمان تاشان